ئۆپێک: بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا

ئۆپێک
ئۆپێک

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت - ئۆپێک لە نوێترین راپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاشکرایکردووە، مانگی ڕابروو، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئۆپێکدا بڵاوکراوەتەوە، بەهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا، بەراورد بە مانگی پێشووتری ڕۆژانە 143 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە سەرووی سێ ملیۆن بەرمیل.

 ئەمە به‌رزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانه‌ لە دوای ساڵی 2018 و 500 هەزار بەرمیلیش لە رێژه‌ی مامناوەندی بەرهەمهێنانی ساڵی رابردوو زیاترە.

ئێران بەر لە دەرچوونی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕۆژانە سێ ملیۆن و 820 و هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم ده‌هێنا. لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن بەرمیل دابەزی و هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتەش تا 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەم بووەوە.

ئێستا بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی چاوەدێریی نەوتهەڵگرەکان، هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە جارێکی دیکە خەریکە لە دوو ملیۆن بەرمیل نزیک دەبێتەوە و زیاتر لە 90٪ ی ئەو نەوتەش هەناردەی چین دەکرێت.

ئێران نەوتەکەی بە داشکاندنی لانی کەم 15 دۆلار بۆ هه‌ر بەرمیلێک دەفرۆشێتە کۆمپانیا چینییەکان. بە هۆی گەمارۆکانیشەوە ناچارە بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی تێچوویەکی زیاتر بدات و سەرئەنجام پاش گەیشتنی نەوتەکەی بەدەستی کڕیارەکان و، بە هۆی ئەوەی بانکەکانی ئەم وڵاتە لە سیستەمی سویفتی جیهانی دەرکراون، ناتوانێ پارەی نەوتەکەی بە شێوەی راستەوخۆ بگەڕێنێتەوە.

هەر بۆیە سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە، داهاتە نەوتییەکانی تاران زیادیان نەکردووە. داوود مەنزوور، سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران دوو حەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو ئەمساڵ تەنیا نیوەی بودجەی پێشبینیکراو لە فرۆشتنی نەوت کەوتووەتە دەستی حکومەت.