تاتا مارتینۆ: یارییه‌كه‌مان قورسه‌ و ئاماده‌م سه‌ركێشی به‌ مێسی بكه‌م

تاتا مارتینۆ راهێنه‌ری ئینته‌ر مه‌یامی له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی
تاتا مارتینۆ راهێنه‌ری ئینته‌ر مه‌یامی له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی بەشداری دوایین یەکەی ئامادەکاری یانەکەی بۆ یاریی کۆتایی جامی کراوەی ئەمریکا نەکرد، به‌ڵام له‌ دوای جێهێشتنی رۆژنامه‌نووسه‌كان مێسی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ راهێنانه‌كان.

لە دوایین یەکەمی ئامادەکاری ئینتەر مەیامی بۆ یاریی کۆتایی جامی کراوەی ئەمریکا، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئارجێنتینایی ئەو یانەیە بەشداری راهێنانە بە کۆمەڵەکانی یانەکەی نەکرد، لیۆ لە یاریی رابردووی یانەکەی هەر لە نیوەی یەکەم بەهۆی پێکان، یاریگای جێهێشت و نەیتوانی لە یاریکردن بەردەوام بێت، بۆیە گومان لە بەشداری کردنی بۆ یاریی کۆتایی جامی ئەمریکا دەکرێت.

پێش یارییەکە تاتا مارتینۆ راهێنەری یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، هەواڵێکی خۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دوای ئەوەی راگەیاندنەکانی راهێنانەکانی یانەکەیانیان جێهێشت، مێسی گەڕایەوە و بەشداری راهێنانەکانی کرد.

مێسی دوای پەیوەندی کردنی بە ریزەکانی یانەی ئینتەر مەیامی، بەشداری 12 یاریکردووە و خاوەنی 11 گۆڵ و 5 ئاسیستە.

تاتا مارتینۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی پێش یاریی كۆتایی جامی كراوه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند پێکانەکەی لیۆ لەوجۆرە نیە کە پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت. ده‌شڵێت: لیۆ تەنها پێویستی بە هەندێ پشوو هەیە کە دڵنیام دوای ئەو چەند رۆژە تەندروستی باشتر بووە، ئێمە چاوەڕێ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لە دوایین یەکەی ئامادەکاریمان، بارودۆخی مێسی چۆن دەبێت و پاشان بڕیاری لەسەر دەدەین.

تاتا مارتینۆ گوتیشی: ئێمە یاریی کۆتایی جامی ئەمریکامان لە پێشە، ئەگەر یاریی داهاتوومان چارەنوسساز نەبووایە، ئەوا بێگومان سەرکێشیمان بە لیۆ نەدەکرد، بۆیە ئێستا کە یارییەکی چارەنوسسازمان لەسەرە و پێویستی زۆرمان بەو یاریزانە هەیە، ناچارین سەرکێشی پێ بکەین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە مێسی بەشداری ئەو یارییە دەکات، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین تاوەکو پێش یارییەکە بارودۆخی بە گشتی چۆن دەبێت.

مێسی له‌ راهێنانه‌كانی ئینته‌ر مه‌یامی 26 ئه‌یلولی 2023
مێسی له‌ راهێنانه‌كانی ئینته‌ر مه‌یامی 26 ئه‌یلولی 2023