ماتایس میولەر: هەرێمی کوردستان بەخێرایی گەشە دەکات و دەرفەتێکی زۆر بۆ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان هەیه
K24 - هەولێر:
شاندێكی کشتوکاڵی هۆڵەندی سهردانی ههرێمی كوردستانی كردووه و بڕیار وایه بهشداری له گهورهترین پێشانگای كشتوكاڵی له ههرێمی كوردستاندا بكهن، هاوكات رێکخەری شاندهكه ئاماژه بهوه دهكات، کۆمپانیا بەشداربووەکانی هۆڵهندا زۆر جیاوازن و لە کەرتی جیاوازی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک کار دەکەن.
ماتایس میولەر، رێکخەری شاندی کشتوکاڵی هۆڵەندی بۆ هەرێمی کوردستان له دیمانهیهكی تایبهتی كوردستان24ـدا رایگهیاند، هەشت کۆمپانیا لەگەڵ شاندەکە بەشداری پێشانگای "ئەگرۆپاک دەکەن"، کە گەورەترین پێشانگای کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، پێنج کۆمپانیای دیکەش هەن کاریان تاقیکردنەوەی تۆو دەبێت و لەلایەن هەمۆ و کونسوڵخانەوە رێنوێنی دەکرێن. گوتیشی، لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی بۆ پێشانگای ئاگرۆپاک کار دەکەن.
ماتایس میولەر ئاماژه بهوه دهكات، کۆمپانیا بەشداربووەکان زۆر جیاوازن و لە کەرتی جیاوازی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک کار دەکەن، کۆمپانیای بەرهەمەکانی "ئەمستۆ" لەسەر پێکهاتەکانی خۆراک کار دەکات و بەرهەمەکانی وەک جێلاتین بۆ ئامادەکردنی خۆراک دەفرۆشێت، گرووپی ئەی پی ئێچ کەلوپەلەکان بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتە و سەوزە دروست دەکات، هەروەها کۆمپانیای "ئایڤێست" کار لەسەر چارەسەرەکانی کشتوکاڵکردنی داخراو دەکات. روونیشیكردهوه ئەم شێوازە نوێ و سەردەمییانەیە و هەروەها جێگیرە. گوتیشی، کۆمپانیای "هایدرۆ سەت" کار بە داتاکانی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیا دەکات لەپێناو باشترکردنی بەرهەمهێنان و ئاودان، هەروەها "ویپوێڵ" لەبواری مەزندەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان کار دەکات، "تی ئەند ئەی"یش لەبواری پەتاتە کار دەکات و ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی چیپس و فینگەر دروست دەکات. هاوكات كۆمپانیای "مەیزۆ نەیچەر" بۆکس و پەمپی پاککردنەوەی ئاو دەفرۆشن و ئەمە بۆ ئاودان سەرنجڕاکێشە. لهلایهكی دیكهوه "ماین" کۆمپانیەیەکی گەورەی هۆڵەندایە لە بواری سەربڕینی ئاژەڵ و ئامادەکردنی گۆشت.
ماتایس میولەر گوتیشی، ژمارەیەک کۆمپانیای جیاوازیان هەیە و هۆڵەندا گرنگی بە بوارێکی فراوانی کۆمپانیاکان داوە، بۆ نموونە کۆمپانیایەی کشتوکاڵی داخراو "بە تەواوی دڵنیا نیم، بەڵام بڕوا ناکەم لە کوردستان کشتوکاڵی داخراو هەبێت"، جهختیشیكردهوه کۆمپانیاکان چارەسەری دیاریکراویان هەیە. پێیشی وابوو كه مەزندەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە کوردستان تا ئێستا بەکارناهێندرێت، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە زیادبووندایە، ئەمەش چارەسەرێکی سەرنجڕاکێشە، هەموو کۆمپانیاکان تایبەتمەندی خۆیان هەیە کە لە کورستان نییە و یان زۆر سنووردارە، وەک ئامێرەکانی ئامادەکردنی بەرهەمەکان، کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بەشێكن لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی ئەو کەرتە و بەرهەمی باشیان هەیە.
ناوبراو له بهشێكی دیكهی دیمانهكهدا سهرنجی بۆ ئهوه راكێشا، بەیەکەوە لەگەڵ کونسوڵخانەی هۆڵەندا هەوڵدەدەن کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بێنە کوردستان، وهك گوتی، باوەڕیان بە بازرگانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا ههیه بهتایبهتی کە دەرفەتێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان هەیه و ناوچەیەکە بەخێرایی گەشە دەکات و بۆ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان دەرفەتێکی زۆر هەن و ئەوان چارەسەری باش و فرەچەشن لە بواری کشتوکاڵ دابین دەکەن. گوتیشی، کوردستانیش ئێستا دەیەوێت گەشە بکات و کەرتی کشتوکاڵی فرەچەشن بکات بۆیە دەبینین گونجانێکی باش لەنێوانیاندا هەیە. باسی لهوهش كرد، لەو چالاکییەی بەرەوپێشبردنی بازرگانی هەوڵدەدەن یارمەتدەر بن لە خێراکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هۆڵەندا و کوردستان لە رێگەی رێکخستنی چالاکی وەک پێشانگای ئاگرۆپاک، کە رێگەیەکی زۆر باشە بۆ بازرگانانی هۆڵەندا و کوردستان هەردوو پیشەسازییەکە پەیوەندی بە یەکدییەوە بکەن.
رێکخەری شاندی کشتوکاڵی هۆڵەندی بۆ هەرێمی کوردستان ههروهها گوتی، بیرۆکەی ئەرکەکەیان بریتییه له گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و زانیاری بەکارهێنان و کارکردن بەو تەکنەلۆژیایەیە، بهشێوهیهك هۆڵەندا ئامانجییەتی زانیارییەکانی بگوازێتەوە و مەشق بە خەڵک و کۆمپانیاکان هاوبەشەکان بکات، بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی بەکاربهێندرێت و بە باشی بەرهەمهێنان و چالاکییە کشتوکاڵییەکان بەڕێوەببردرێن، کە بەیەکەوە گرنگیان پێداوە. گوتیشی، ئێستا لە شاندەکە هیچ دابینکەرێکی راوێژکاری لە بواری کشتوکاڵی و خزمەتگوزاریمان لەگەڵ نییە، بەڵام ئەوانەی تەکنەلۆژیا دابین دەکەن لەگەڵ هێنانی تەکنەلۆژیاکانیان، زانیارییەکانیشیان هاوبەشی پێدەکەن.
ماتایس میولەر تیشكی خسته سهر ئهوهش، ئامانج لهو بابهته بریتییه له بەشداریپێکردنی کورد. گوتیشی: "بڕوام وایە زۆرینەی کۆمپانیاکان لەلایان باشترە لەگەڵ خەڵكی ناوچەکە کار بکەن، چونکە هەمیشە سەرکەتووترین رێگەیە تا بازرگانی لە وڵاتێکی بیانی بکەیت، کارکردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کە دەزانن چۆن بازاڕەکەی کار دەکات، هەروەها زانیاری خۆت لە وڵاتەکەت بهێنێت، کە ئەویش زانیاری داواکراوە بۆ کشتوکاڵ تا سەرکەتووبی، بۆ بەیەکەوە کارکردنی سەرکەوتوو دەبێت هەردوولا بەشداربن و بڕوام وایە هەموو کۆمپانیاکان دەیانەوێت ئەو کارە بکەن، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە سەر بڕیارەکانیان بەهۆی جیاوازی چارەسەرەکان، کە چۆن بەشداری بە خەڵکەکە دەکەن و لە پڕۆژەکان چەند کەس دەخەنە سەر کار." گوتیشی، ئەمانە پەیوەستن بە بەرهەم و ویستی هاوتاکانیان ئەگەر بیانەوێت بەیەکەوە کاربکەن، یان تەنیا چارەسەرەکان دابین بکەن و راهێنان بە خەڵك بکەن، دواتر بەشێک نەمێنن لە پڕۆژەکان و تەنیا راهێنانیان پێبکەن، ئەمە پەیوەستە بە سەر جۆری چارەسەرەکە.
رێكهوتی 20ـی ئهیلوولی 2023، یۆرت پۆستهیومەس، جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵەندا بۆ کاروباری ئابووری لە هەرێمی کوردستان له چاوپێكهوتنێكی تایبهتی كوردستان24 جهختیكردهوه، پهیوهندی و ههماههنگییهكانیان لهگهڵ حكومهتی ههرێمی كوردستان بهتایبهتی له بواری كشتوكاڵدا له ئاستێكی باش دایه و خوازیارن بتوانن كاریگهرییان لهسهر گهشهسهندنی گهشهسهندنی كهرتی كشتوكاڵی ههرێمی كوردستان ههبێت و بتوانن چالاكانهتر بهشداری پڕۆژهكانی بواری كشتوكاڵی بكهن.
یۆرت پۆستهیومەس سهرنجی خسته سهر ئهوهی سهبارهت به بەشداری هۆڵهندا و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی ههرێمی كوردستان، چەندین هەوڵیان لەو بوارەدا داوە، بهتایبهتی كه جهختی كردهوه لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدانه. بۆ ئهو مهبهستهش باسی لهوه كرد، ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا لیژنەیەکی راوێژکاری هاوبەش لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دامەزرا، هۆڵەندا سێ شارەزای خۆی لەو بوارەدا راسپارد تاوەکو لە لیژنەکەدا بەشدار بن، كه بە درێژایی ئەو ماوەیە کاریان لەسەر ئامادەکردنی سیاسەتێک دەکرد بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵ سوودیان لێ ببینێت، كه ئەمەش یەکێکە لەو نموونانەی، چۆن هۆڵهندا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵیدا هەماهەنگ بووه.
پۆستهیومەس روونیكردهوه لە بوارەکانی دیکەش هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان كردووه، بهشێوهیهك لەژێر هاوبەشی گشتی و تایبەتدا هۆڵەندا کۆمەکی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، تهنانهت وەبەرهێنەری هۆڵەندی له هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان کردووە، بۆ نموونە لە چاندنی کێڵگەی پەتاتەدا هاوکار بوونه، كه له ئهنجامیشدا دهركهوتووه ئەو پڕۆژەیە تەواو سەرکەوتوو بووه.