دەست بەسەر سیمکارتە بێ ناسنامەکان دا دەگیرێت

وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتێک بۆ دەست بەسەرداگرتنی سیمکارتی بێ ناسنامە دەستپێدەکات

K24 – هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامیەت و تیمەکانی ئاسایش، هەڵمەتێکی بۆ دەستبەسەردا گرتنی سیمکارتی بێ ناسنامە لە بازاڕەکان دەستپێکردووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو هەڵمەتە لە چەند رۆژی رابردوو دەستیپێکردووە، بەڵام هەڵمەتەکە چڕ دەکرێتەوە و ئەو کەسانەی سیمکارتی بێ ناسنامە بفرۆشن رێکاری توندی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

گوتیشی: "بڕیاری ژمارە 110ی تایبەت بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ ناسنامە لە 1ی ئەیلوولی 2021 لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، لەلایەن لیژنە ئەمنییەکان و قایمقامیەتەکان کاری لەسەر دەکرێت، لایەنێکی دیکەی جێبەجێکاری بڕیارەکە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە، کە دەبێت کۆمپانیاکان لە رێگەی بریکارەکانیان سیمکارتەکان دابەش بکەن و چاودێریان بکرێت، نابێ سیمکارت بدرێت بە هەموو کەس و بەبێ رێکارە یاساییەکان بیفرۆشنەوە، چونکە سیمکارتە بێ ناسنامەکان بوونەتە هۆکار بۆ چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی".

قایمقامی ناوەندی هەولێر، جەختیکردەوە: "هەر کەسێک سیمکارت بفرۆشێت دەبێ ئەو سیمکارتە فۆڕمی هەبێت و بە ناسنامە وەرگیرابێت، دەبێ سیمکارت لەو شوێنانە بفرۆشرێن کە مۆڵەتیان پێدراوە نەک هەر کەسێک لە دوکان و سەر مێزێک سیمکارت بفرۆشێت".

راشیگەیاند: "هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی سیمکارتی بێ ناسنامە چڕ دەکرێتەوە و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی بەشی رێکاری، شارەوانی و تیمەکانی ئاسایش جێبەجێ دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە ئەو جۆرە سیمکارتانەیان لێ بگیرێت".

نەبەز عەبدولحەمید، روونیکردەوە، ئەو ‌هەڵمەتە هەموو جۆرەکانی سیمکارت دەگرێتەوە بە ئینتەرنێتیشەوە، سیمکارتی بێ فۆڕم و ناسنامە لە هەر کەسێک بگیرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزای دارایی بەسەر خاوەنەکەشیدا دەسەپێنرێت.

سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی سیمکارتە بێ ناسنامەکان، قایمقامی ناوەندی هەولێر گوتی: "هۆکاری سەرەکی ئەو جۆرە سیمکارتانە بریکارەکانن، چونکە کۆمپانیاکان بەبێ ناسنامە سیمکارت نادەن بە هیچ کەسێک، بەڵام بریکارەکان کاتێک دابەشی دەکەن بەبێ ناسنامە دابەشی دەکەن، ئەوە بووەتە کێشەیەکی گەورە، بۆ چارسەرکردنی کێشەکە وەزارەتی ناوخۆ لەسەر خەتە و دەبێ بریکارەکان پابەندی بڕیار و رێنماییەکانی فرۆشتنی سیمکارت بن".

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی سیمکارتی بێ ناسنامە پێکهێنراوە.