لە گەرمیان ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی رژێمی پێشووی عێراق دەبرێنە گۆڕستانی ئەنفالکراوان

K24 – گەرمیان

دوای 35 ساڵ كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی رژێمی پێشووی عێراق دەبەنە گۆڕستانی ئەنفالكراوانی شارەدێی رزگاری، بۆ ئەوەی نەوە دوای نەوە تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراقیان بیر بێت كە چۆن بە ھەموو شێوەیەك هەوڵی لەناوبردنی کوردیان داوە.

تراكتۆرێك و ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی رژێمی پێشووی عێراق، کە بوونەتە بەشێکی تراژیدیای مەرگی ئەنفال کراوان، 35 ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی پرۆسەی ئەنفال چەندین خێزان بەو تراکتۆرە براونەتە قەڵای قورەتوو لەوێشەوە  بەرەو بیابانەکانی عەرعەر و زیندانی نوگرە سەلمان.

شێرزاد خورشید، كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیانە بە کوردستان24ی گوت: "ئەو تراکتۆر و ئۆتۆمبێلە سەربازییە وەک شوێنەواری ئەنفال لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، لە کاتی ئەنفالی هاووڵاتییان پێ گوازراوەتەوە قەڵای قورەتوو لەوێشەوە بۆ تۆپزاوە و نوگرە سەلمان و بێسەروشوێن کراون، ئەو پاشماوانە وەکو شوێنەوار گرنگ بۆ کەیسی ئەنفال، بۆیە بڕیارماندا بیان هێنینەوە گۆڕستانی ئەنفالکراوان".

رژێمی بەعسی رووخاوی عێتراق، لە ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ پرۆسەی شاڵاوی ئەنفالی ئەنجامدا، کە قۆناغی سێیەمی ئەم تاوانە سنووری گەرمیانی گرتەووە و لە  7ی مانگی نیسان تاوەکو 20ی هەمان مانگ پرۆسەی تاوانی ئەنفالکردن لە گەرمیان بەردەوام بوو، تێیدا زۆرترین رێژەی قوربانیانی ئەنفالیش بەر ناوچەی گەرمیان کەوت، كە ھەتا ئێستاش بەشی زۆری رووفاتی قوربانیانی ئەنفال نەهێنراونەتەوە و گۆڕە بە كۆمەڵەكانیشیان ھەڵنەدراونەتەوە.

ئەگەر چی ئەنفال برینیەکی ساڕێژ نەبووی لە جەستەی گەلی کوردا بەجێهشتوەو هیچ هەوڵ کۆششیک هێشتا چارەسەری نەکردووە، بەڵام هێشتا ئەقڵیەتێك لە عێراقی دوای سەدام حوسێندا هەیە هەندێک لەو بەرپرسەکان ئەگەر بۆیان بکرێت کارەساتی ئەنفال دووبارەو سێ بارەش دەکەنەوە.