بایدن ئاسایشی سنووره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و مه‌كسیك به‌هێز ده‌كات

K24 – هەولێر:

بەمەبەستی رێگریکردن لە دەیان هەزار پەنابەر کە لە سنوورەکانی مەکسیکەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەمەریکا دەدەن، ئیدارەی جۆ بایدن پەنا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دیواری سنوورەکانی ئەمەریکا و مەکسیک دەبات.

شەپۆڵە بەردەوامەکانی پەنابەرانی نایاسایی لەسنوورەکانی باشووری وڵاتەوە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکایان ناچارکرد پەنا بۆ تاکتیکێکی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ ببات بۆ رێگریکردنیان، ئەویش بەهێزکردنی دیوارە لەسەر سنوورەکانی ئەمەریکا و مەکسیک.

ئیدارەی بایدن کە سەردەمانێک دروستکردنی دیواری لەسەر سنووری مەکسیک بە نامرۆڤانە دەزانی، بەڵام لەدوای سێ ساڵ پەنای بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی ئەو دیوارە بردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو فشارەی لەناوخۆی ئەمەریکا لەسەریەتی بۆ رێگریکردن لەو سەدان هەزار پەنابەرەی لە ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا و وڵاتانی دیکەی ئەمەریکای لاتینەوە خۆیان دەگەیەننە سنوورەکانی ئەمەریکا.

هەرچەندە ئیدارەی بایدن جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەو پارەیەی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی دیواری سنووری مەکسیکی تەرخانیدەکەن، لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بڕیار لەسەر خەرجکردنی دراوە، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا لە پەنابەرانی نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر، شاندێکی باڵای ئەمەریکی بەسەرۆکایەتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و ئەلیهاندرۆ مایرۆکاس، وەزیری ناوخۆ گەیشتنە مەکسیک و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەیان، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، پێویستە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لەپەنابەرانی نایاسایی دووهێندە بکەن، چونکە بەشێک لەو پەنابەرانە ماددەی هۆشبەر دەگووازنەوە، ئەوەش بووە بەگەورەترین هەڕەشە لەناو خێزانە ئەمەریکییەکاندا، هەورەها توندوتیژیش لە ناوخۆی ئەمەریکا  رووی لە زیادبوونکردووە.

لەلایەکی دیکەوە ئەلیهاندرۆ مایرۆکاس، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، دروستکردن و بەهێزکردنی دیواری سنووری ئەمەریکا و مەکسیک پلانێکی نوێ نییە، بەڵکو لەسەردەمی ئیدارەی پێشوو کاری لەسەرکراوە، ئامانجیشیان لە بەهێزکردنی سنوورەکان پاراستنی پەنابەرانە لە دەستی قاچاخچییەکان.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 400 هەزار پەنابەری نایاسایی لەسنوورەکانی مەکسیکەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەمەریکا، زۆرینەشیان خەڵکی وڵاتانی ئەمریکای لاتین، چین، هیندستان، فلیپین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.