دژەتیرۆری کوردستان: تورکیا کۆبوونەوەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردە ئامانج

لۆگۆی دژەتیرۆری کوردستان
لۆگۆی دژەتیرۆری کوردستان

K24 – هەولێر:

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخموور پێنج چەکداری پەکەکە کوژران و برینداربوون.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لەبارەی بۆردومانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی کەمپی مەخموور، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا پێنج چەکداری پەکەکە لە مەخموور کوژران و بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (7ی تشرینی یەکەمی 2023)، کاتژمێر 19:10، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا کۆبوونەوەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون.

دوای رووداوەکەش سەرچاوەیەک لە کەمپی مەخموور بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، شوێنێکی نێوان شارەوانی کەمپەکە و بارەگایەک کراوەتە ئامانج بەڵام تا ئێستا زیانەکانی نەزاندراون.

لەلایەن خۆیەوە، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پشت شارەوانی کەمپی مەخموور بۆردومانکراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمپی مەخموور داخراوە، زیانەکان نەزاندراون.

کەمپی مەخموور کە لەلایەن پەکەکە بە "کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی" دەناسێنرێت، نزیکەی 20 هەزار کەس لێی نیشتەجێن کە لایەنگر و کەسوکاری گەریلاکانی پەکەکەن. پێشتر چەندین جار ئەو کەمپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.