سەفین دزەیی: ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەر یەکە لە ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەدەن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لەکاتی بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمی "هەفتەی دیپلۆماسییەتی کوردی" لە زانکۆی سەڵاحەددین، رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێکە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی کردووەتەوە".

وەکو ئەوەی سەفین دزەیی باسی کرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدرێت و دەڵێت، "ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەدەن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە روونیشیکردەوە، لە 25ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا و لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، "نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق گەیشتووە".

بە گوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، "نزیکەی 30 کۆنسوڵخانەی جیاجیای وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەمە جگە لە رێخکراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمەش رۆڵ و گرنگیی هەولێر وەکو پایتەختی هەرێمی کوردستان لە رووی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەردەخات".

سەفین دزەیی ئاماژە بەوەش دەدات، "تا ڕادەیەکی زۆر دیپلۆماسییەتی ئابووریمان سەرکەوتنی هەبووە؛ ئێستا نوێنەرایەتیمان لە 14 وڵات هەیە و هەنگاو دەنێین بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی نوێنەرایەتییەکانمان لە وڵاتانی جیهان؛ ئەمەش بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی گەلەکەمان لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە".