ئینفۆگرافیک .. رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال

K24 – هەولێر

لە 9/10/2020، رێککەوتننامەی دۆخی شنگال لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکرا.

رێککەوتنەکە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کراوە، بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایش لە شنگال دابین بکرێت و خەڵکی ئەو شارە کە ئاوارەی شارەکانی دیکە بوونە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام تائێستا خاڵەکانی رێککەوتننامەکە لەلایەن حکومەتی عێراق جێبەجێ نەکراوە.

رێککەوتننامەی شنگال بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

لە تەوەری کارگێڕیدا، جەخت لە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کراوەتەوە بەپێی رێکارە دەستووری و یاساییەکان، دوای ئەوەش پێداچوونەوە بکرێت بە سەرجەم پۆستە کارگێرییەکانی دیکە لەلایەن ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێندرێت.

لە تەوەری ئەمنیدا، دۆسیەی ئەمنی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئەمنی نیشتمانی و هەواڵگری دابێت، و پیداگیریشی کردووە لەسەر دوورخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری قەزاری شنگال.

هاوکات رێککەوتننامەکە ئاماژەی بە دامەزراندنی دوو هەزار و 500 کەس کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی قەزاکە کە خەڵکی ناوچەکە و ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان پێکبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو رێککەوتننامەیە بە روونی باس لە کۆتاییهێنان بە بوون و رۆڵی پەکەکە و رێکخراوە پاشکۆکانی لە قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات.

لە تەوەری سێیەمدا کە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، رێککەوتننامەکە باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

لە تەوەری کۆتاییدا، لیژنەیەکی مەیدانی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی هەردوو تەوەری کارگێری و ئەمنی رێککەوتننامەکە.