سوودانی: دەمانەوێت گەلی فەڵەستین بە مافەکانی خۆی بگات

محەمەد شیاع سوودانی و ڤلادیمێر پوتن
محەمەد شیاع سوودانی و ڤلادیمێر پوتن

K24 - هەولێر

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ رووسیا لە کاتێکی هەستیاردا بوو بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە جددییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لەلایەن میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشوازی لێکرا.

سوودانی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە و رایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ رووسیا لە کاتێکی هەستیاردا بوو بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە جددییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دۆخی فەڵەستین کرد و گوتی: بۆردومانی بێ جیاواز و وێرانکەر بۆ سەر فەڵەستین هەیە، داوای چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکەین، دەمانەوێت گەلی فەڵەستین بە مافەکانی خۆی بگات.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق سوپاس و پێزانینی بۆ رووسیا هەیە، کە "لەکاتی شەڕی داعش هاوکاری و پاڵپشتی ئێمەی کردووە".

باسی لەوەشکرد، سەردانەکەمان بۆ مۆسکۆ بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و رووسیایە.

سوودانی داوای لە پوتن کرد لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کار بکەن "بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر فەڵەستین".

هەر لەکۆبوونەوەکەدا ڤلادیمێر پوتن باسی لە دۆخی فەڵەستین کرد و گوتی: دامەزراندنی وڵاتی فەڵەستین کارێکی پێویستە.

پوتن لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە، ئاماژەی بەوەدا، کەرتی وزە مەیدانێکی ئومێدبەخش و کراوەیە بۆ هاوکاریی بەرهەمدارتر و کاریگەرتر.