سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە مۆسکۆ

سوودانی لە مۆسکۆ
سوودانی لە مۆسکۆ

K24 – هەولێر

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.

خۆشەوی محەمەد پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 9:45 خولەکی بەیانی، میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا هاوکات نێردەی سەرۆکی رووسیایە بۆ کارووباری رۆژهەڵاتی ناوەراست، پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاندبوو، لە یەکەم رۆژی سەردانەکەی سوودانی بۆ مۆسکۆ، لەکۆشکی کرێملن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە و پرسی ئاسایشی ناوچەکە و وزە و پرسی لۆجیستیک تاوتوێ دەکەن.

پەیامنێرمان گوتیشی: دوای 11 ساڵ یەکەم جارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی رووسیا دەکات، سەردانەکەش لەسەر بانگهێشتی فەرمی پوتن بووە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرس و بابەتێک، یەکێک لەو بابەتانە گرنگانەش پرسی وزەیە، کە دوو کۆمپانیای گەورەی رووسیا ( گازپرۆم و رووسنەفت) لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئێستاش بە هۆی وەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیایانە زیانێکی زۆرییان کردووە، بۆیە گفتوگۆ لەسەر ئەوبابەتەش دەکرێت.