کلاودیۆ کۆردۆن بۆ كوردستان24: گرنگە بە زووترین کات هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بەڕێوەبچێت

K24 - هەولێر:

کلاودیۆ کۆردۆن جێگری نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق  به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، گرنگە بە زووترین کات هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بەڕێوەبچێت. گوتیشی: "کار لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین، تا لە 25 شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".

کلاودیۆ کۆردۆن هه‌روه‌ها گوتی: گرنگە گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان بەغدا و هەولێر به‌رده‌وامه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی پابەندن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، بەڵام کێشەی دیکە رێگربوونە و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان سەختکردووە، بۆ هەموو عێراق گرنگە راست و دروستی دەستپێشخەرییەکە بسەلمێندرێت، چەند زووتر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت باشترە، رێککەوتنەکە دەڵێت پێویستە هەموو گرووپێکی چەکدار لە شنگال، واتا پەکەکە و حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بکشێنەوە."

رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.