تورکیا بەفەرمی ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەردەبڕێت

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی "عێراق ئۆیل ریپۆرت"، حکومەتی تورکیا لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە بۆری نەوتی نێوان هەردوو وڵات ئامادەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.  

ڕاپۆرتەکە پشتی بە نامەیەکی فەرمی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی تورکیا ناسراو بە 'بۆتاش' بەستووە کە رۆژی دووشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، بۆ هاوتا عێراقیەکەی (سۆمۆ) ناردووە و، بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا لەناو خاکی تورکیا ئامادەیە بۆ گواستنەوە، بارکردن و کۆگاکردنی نەوت.

لە بەشێکی دیکەی نامەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی تورکیادا ئاماژە بەوە دراوە، "لە رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەکرێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەمەی رابردوو، (11ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی وزە لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بە فەرمی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا کە لە رێگەیەوە نەوتی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت، لە رۆژی 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە وەستاوە ئەمەش لەسەر داوای حکومەتی عێراق دوای ئەوەی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس داوایەکی لە بەرامبەر تورکیا بردەوە و بەهۆیەوە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەستا.

هەرچەندە چەندین جار بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە و، بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەستانی هەناردەی نەوت، بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیانی بە حکومەتی عێراق گەیاندووە.