پارتی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

K24 – هەولێر:

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق مانگی داهاتوو دەست بە تۆمارکردنی لیست و قەوارە سیاسییەکان دەکات، پارتی بەشێک لە ئامادەکارییەکانی خۆی کردووە و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستانیش ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كردووه‌.

هاوار محەممەد گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پارتی دەستیکردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێجگار خۆشحاڵین كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ر له‌ دوو رۆژ رایگه‌یاند، ئه‌ژماری ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست و ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ شه‌فافییه‌تی زیاتر به‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌به‌خشێ.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ شوان رابەر ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، دەزگای هەڵبژاردنی حزبمان راسپاردووە، تا دەست بە ئامادەکاری بەشداری لە هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بکەن.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌موو رێككارێكمان بۆ ئاماده‌كاری و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌".

تا دێت لە وادەی لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، هەموو لایەک بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە رەتیدەکەنەوە هەڵبژاردن دوابخرێت، سەرەتای مانگی داهاتوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی پارت و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردن تۆمار دەکات.

رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.