کەمال کەرکووکی: ژمارەیەک کەس لە لایەنێکی سیاسی هۆکاربوون بۆ خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، پێشوازی لە ژمارەیەک کەس لە بنەماڵەی شەهید هاوکار کرد، کە لە ریزەکانی یەکێتی بوون، هاتنە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر رایگەیاند: ژمارەیەک کەس لە لایەنێکی سیاسی هۆکاربوون بۆ خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر.

کەمال کەرکووکی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەم رۆژەدا پێتان رادەگەیەنین، کە ژمارەیەک کەسی نیشتیمان پەروەر، کە لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، دوای گەیشتنیان بەو بڕوایەی، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە کارەکانی و هەڵوێستەکانی بۆ گەل و نیشتمان کار دەکات، لەبەر ئەوە بڕیاریان داوە بێنە ناو ریزەکانی پارتی".

گوتیشی: "ئێمە وەکو مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان، ئەو کەسانە و بنەماڵەکەیان  دەناسین، دەشڵێت: هەمیشە گوتومانە هەموو پارتەکانی کوردستان، خەڵکی دڵسۆز و گیان لەسەردەستیان هەیە بۆ مافەکانی گەلی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە جارجار کە باسی لایەنێک دەکەین، ژمارەیەک خیانەتکار لەناو ئەو لایەنەدا هەیە، کە بوونە هۆکاری ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر رووبدات".

کەمال کەرکووکی راشیگەیاند: "ئەوانەی هاتوونەتە ریزەکانی پارتی لە بنەماڵەی شەهید هاوکارن، هەموو ئەو خەباتەی رابردوویان بۆ هەژمار دەکرێت، وەکو ئەوەی لەناو ریزەکانی پارتی بووبن و کارییان کردبێت".

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کارو کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە رێگرییان لێکرا بە هێز وەڵامیانداوە و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.