سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا هۆکاری جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی ئاشکرادەکات

جۆرجیا میلۆنی و ئەندریا گیامبرۆنۆ
جۆرجیا میلۆنی و ئەندریا گیامبرۆنۆ

K24 - هەولێر

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، لە ئەندریا گیامبرۆنۆی هاوسەری کە رۆژنامەنووسە جیابووەتەوە، جیابوونەوەکەش بەهۆی قسەی جیاکاری بووە بەرامبەر بە ژنان، کە رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە.

رۆژی هەینی، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە هەژماری خۆی لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی، پەیوەندیی من لەگەڵ ئەندریا گیامبرۆنۆ کۆتایی هات، کە پەیوەندییەکانمان نزیکەی 10 ساڵی خایاندووە، گوتیشی: ماوەیەکە رێگاکانمان لێک جیابوونەتەوە و کاتی ئەوە هاتووە دان بەوەدا بنێین. هاوکات ئەو دوو هاوسەرە کچێکی تەمەن حەوت ساڵانیشیان هەیە.

گیامبرۆنۆ بەرنامەیەکی هەواڵی پێشکەش دەکات کە لەلایەن کەناڵی "میدیاسێت"ەوە پەخش دەکرێت، کە سەر بە گروپی میدیایی MFE کە میراتگرانی سەرۆکوەزیرانی کۆچکردوو سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی خاوەندارێتی دەکەن، ئەویش هاوپەیمانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بووە.

لەم هەفتەیەدا، کەناڵی میدیاسێت، بەشێک لە بەرنامەکەی گیامبرۆنۆی پەخش کردووە، کە راستەوخۆ نەبووە، گیامبرۆنۆ وا دەرکەوت زمانی نەشیاوی بەکارهێنابێت و لە یەکێک لە هاوکارەکانی نزیک بووبێتەوە و پێی دەگوت "بۆچی پێشتر تۆم نەبینیووە".

لە دووەم تۆماری ئابڕووبەرانەدا، کە رۆژی پێنجشەممە پەخشکراوە، لەیەکێک لە قسەکانی جیامبرۆنۆ کە گوێبیست بوونە، شانازی بە پەیوەندی خۆشەویستییەوە دەکات و بە هاوکارە ژنەکانی دەڵێت: دەتوانن کاری بۆ بکەن ئەگەر بێتو بەشداری لە "سێکس گروپ"دا بکەن.

جیامبرۆنۆ لە مانگی ئابدا کەوتە بەر هێرشێکی توند، بەهۆی لێدوانەکانی کە دوای دۆسیەیەکی دەستدرێژیکردنە سەر بەکۆمەڵ کردبووی.