بارودۆخی حەمدانییە بەرەو ئاڵۆزبوون دەڕوات

خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا
خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا

K24 - هەولێر

بارودۆخی حەمدانییە بەرەو ئاڵۆزبوون دەڕوات و کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە، خانوو و مۆڵک و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەمیان لەو شارە سووتاند و، ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکان رەتدەکەنەوە. 

درەنگانی شەوی رابردوو، شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەی 'لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵەکەی حەمدانییە' کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، کەسوکاری قوربانییان ماڵ و مۆڵک و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەمیان لە حەمدانییە سووتاند.

بەهۆی رووداوەکە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان لایەنگرانی ژمارەیەک کەسایەتی کریستیانی دەشتی نەینەوا، لە نێویاندا رەیان کلدانی و قەشە یوحەنا، سەرۆکی ئەسقوفەکانی مووسڵ دروستبوو. دوای ئاڵۆزییەکان لە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی شەوی رابردوو تا کاتژمێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە حەمدانییە راگەیەندرابوو.

هەر شەوی رابردوو و لە گەرمەی ئاڵۆزییەکاندا، خانووی ئەحلام رەمەزان کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن هاووڵاتییان و کەسوکاری قوربانییانەوە سووتێندرا.

قەزای حەمدانییە لەڕووی کارگێڕییەوە دەکەوێتە سەر بە پارێزگای نەینەوا و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و ئێستا لەنێو کەمپەکاندا دەژین.

رۆمیۆ هەکاری: کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەینە نەهرێن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خەڵکی حەمدانییە و کەسوکاری قوربانییان تووڕە و ناڕازین بەهۆی ئەوەی تا ئێستا حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ ڕاستی و وردەکاری رووداوەکەی هۆڵەکەی حەمدانییەیان بۆ پێکهاتە و هاووڵاتییانی دەشتی نەینەوا ئاشکرانەکردووە. هەروەها کەسوکاری قوربانییان بڕیاریانداوە وەکو نەڕازایەتی دەربڕین هەموو مۆڵک و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم بسووتێنن. شەوی رابردوو خانوو، ئاریشتا و پێشانگەیەکی خاوەنی هۆڵەکەیان سووتاند".

رۆمیۆ هەکاری گوتیشی: "سووتاندنی مۆڵک و ماڵی خاوەنی هۆڵەکەی هەیسەم بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و ناکۆکی لە نێوان هاووڵاتییانی حەمدانییە و ئەو کەسایەتییە کریستییانانەی پشتگیری لە خاوەنی هۆڵی هەیسەم دەکەن لەوانەش رەیان کلدانی، سەرۆکی جووڵانەوەی بابیلیۆن ".  

وەکو ئەوەی رۆمیۆ هەکاری باسی دەکات، "ئەوەی ئێستا لە حەمدانییە هەیە، ناکۆکییەکی سیاسی ئاشکرا نییە، بەڵام پێموایە لایەنی بەرامبەر کە رەیان کلدانی، سەرۆکی جووڵانەوەی بابیلیۆنە دەیەوێت کێشەکە بکەنە کێشەیەکی سیاسی. ئەمە شتێکی مەترسیدارە و ئێمە نامانەوێت ناکۆکی سیاسی لەنێوان خەڵکی ئێمەی کریستییان بەتایبەت لە دەشتی نەینەوا هەبێت".

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەینە نەهرێن ڕاشیگەیاند، "بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنە کریستییانەکان چەندین کێشە و قەیران رووبەڕووی ئێمە بوونەتەوە لەوانەش بەجێهشتنی دەشتی نەینەوا لەلایەن گەنجان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناچەکە بەتایبەت لە بەرتولە کە زیاتر لە سەدا 50ـی دیمۆگرافییەکەی گۆڕدراوە و، پێموایە هەندێک وڵاتانی ناوچەکەش دەستیان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا هەیە و دەیانەوێت هاووڵاتییانی کریستیانی دانیشتووی ناوچەکە، ناوچەکە بەجێبهێڵن".

رۆمیۆ هەکاری گوتیشی، "ئێمە وەکو لایەنە سیاسییەکان پێمان باشە حکومەتی فیدراڵی هەوڵی جیددی بدات و هەنگاوی ئازایانە بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئەوەی ئێستا روودەدات دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم خەڵکە هیچ خاوەنێکی نییە، بۆیە پێمان وایە حکومەتی عێراق جیددی نییە لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەبارەی رووداوەکەی هۆڵی هەیسەم کە بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتی ئێمە شەهید بوون و سەدانی دیکەش بریندارن و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و بەشێکی دیکەشیان وایان لێهاتووە ناناسرێنەوە".

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەینە نەهرێن ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕوامان بەو لیژنەیە نییە کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە پێکیهێناوە  و تەنانەت بڕوامان بە لیژنەکانی دیکەش نییە کە حکومەتی فیدراڵی لە داهاتوودا پێکیاندەهێنێت بۆ بۆ دەرخستنی هۆکاری ڕاستی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە. پێمانوایە پێویستە هەموو لایەنەکان ئەم بابەتە بە جیددی وەربگرن بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکان زیاتر تەشەنە نەکەن و بەرفراوان نەبن کە لە هەموو روویەکەوە هەوڵ دەدرێت خەڵکی ئێمە لەسەر زێدی باب و باپیرانیان لە ناوچە دێرینەکانیان لە دەشتی نەینەوا وەدەربنێن و دواتر وڵات بەجێبهێڵن".  

رووداوەکەی حەمدانییە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان

 نزیکەی کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی ' هۆڵی هەیسەم' گڕی گرت. نزیکەی 700 کەس ئامادەی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە بوون، بە گوێرەی ئاماری راگەیەندراو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە، تا ئێستا بەهۆی رووداوەکەوە  زیاتر لە 125 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون. کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 رۆژی یەکشەممەی ئەم مانگە 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیژنەی لێکۆڵێنەوەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی هۆڵەکەی حەمدانییەی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و ڕای گشتی ئاشکراکرد.

لیوا سەعد فالح دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵی هەیسەمی حەمدانییە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە بوون کە لە هۆڵەکەدا چوار دانە هەبوون و ئاگری هەر یەکەیەکیان چوار مەتر بەرزبووەتەوە و بنمیچی هۆڵەکەش نزم بووە، بۆیە ئاگرەکە زوو کەوتووەتەوە. هەروەها، بوونی کحول کە خێرا دەسووتێت و بوونی کۆگایەکی ئەو مادوانە و نەبوونی دەرگەی فریاگوزاریی گونجاو، هۆکاری دیکەی رووداوەکە بوون."

 هەمان رۆژ،  واتا رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی مووسڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و ئەنجامی لیژنەکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی رەتکردەوە و داوایکرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێتەوە.

 سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی سریانی کاسۆلیکیی مووسڵ هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا ئاماژەی بەوەش کرد، "بابەتی یەکەم و سەرەکی کە ئێمە بینیمان ئەنجامەکان بێ ئومێدی کردین، بەهیچ شێوەیەک جێی رەزامەندیی نەبوون، چونکە ئەم ئەنجامانە ئێمە پێش دوو سێ رۆژ لەمەوپێش لە گەلەوە گوێمان لێبوو." گوتیشی: "ئایا سەندەویچ پەنەڵ بەو خێراییە دەسووتێت؟ ئومێد دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بکرێت و هەمان ئەو سەندەویچ پەنەڵە بهێنرێت و لەبەردەم گەل بسووتێندرێت بۆ ئەوەی ئەو خێراییە ببیندرێت کە تێیدایە. شتی نالۆژێکی لەو لێکۆڵینەوە هەیە کە سەرمان لێی سوڕما."

 

خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا
خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا
خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا
خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا
خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا
خانوو و سامانی خاوەنی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە سووتێندرا