بەهۆی رەخنەگرتنەوە ترەمپ بە 10 هەزار دۆلار سزادرا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (وێنە: TIMOTHY A. CLARY / AFP)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا (وێنە: TIMOTHY A. CLARY / AFP)

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە کارمەندێکی دادگایەکی نیویۆرک، بەبڕی 10 هەزار دۆلار سزادرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئارسەر ئینگۆرۆن، دادوەری باڵای ویلایەتی نیویۆڕک؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای بە بڕی 10 هەزار دۆلار سزادا، ئەمەش بەهۆی پێشێلکردنی فەرمانی دادگا بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.

دادوەری باڵای ویلایەتی نیویۆڕک پێیوابووە کە ترەمپ جارێکی دیکە، هێرشی کردووەتە سەر کارمەندێکی دادگا، لە کاتێکدا ترەمپ دووپاتیکردەوە، لە ڕاستیدا مەبەستی مایکل کۆهینی "دوژمن"ی بووە، کە "دۆسیەی ساختە" لەسەر سەروەت و سامانەکەی بەڕێوەدەبات.

ئینگۆرۆن، فەرمانی بە هەموو بەشداربووانی دادگاییکردنەکە کردبوو، لە 3ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە بە ئاشکرا، هیچ لێدوانێک لەسەر ستافەکەی نەدەن، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پۆستێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سووکایەتی بە نووسەری یاسایی دادوەرەکە کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەینی رابردوو، 20ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەمان دادوەر بەهۆی پۆستێکییەوە، بە بڕی پێنج هەزار دۆلار سزای دۆناڵد ترامپی دابوو.


ئامادەکردن: لاڤین عومەر