لە ئێران بەهۆی ئاگر کەوتنەوەیەک 27 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک لە شاری لەنگرود لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران، 27 کەس گیانیان لەدەستدا.

دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی ئاگرێکی گەورە لە ناوەندێکی چاکسازی بۆ ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە باکووری ئێران کەوتەوە و بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی دادوەری لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین" سەر بە دەسەڵاتی دادوەری، لە زاری ئیسماعیل سادقی، سەرۆکی دادگای هەرێمی بڵاویکردەوە: "بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندێکی چاکسازی ماددە هۆشبەرەکان لە لەنگرود، 27 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12ـی دیکەش برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە". شاری لەنگرود دەکەوێتە پارێزگای گیلان لە باکووری تاران.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد جەلای، جێگری بەرپرسی سیاسی و ئاسایش و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ پارێزگای گیلان بڵاویکردەوە، ئاگرەکە کاتژمێر 5:45 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە سەنتەری ئالوودەبووان "غام ئەوەل رەهای" روویداوە کە توانای وەرگرتنی 40 کەسی هەیە.