محەممەد عەلی: پێویستە هاووڵاتییان لەبارەی پاراستنی رێڕەوەکانی ئاو هۆشیاربکرێنەوە

محەممەد عەلی، پسپۆری سیاسەتی ئاو و کەشوهەوا
محەممەد عەلی، پسپۆری سیاسەتی ئاو و کەشوهەوا

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی سیاسەتی ئاو و کەشوهەوا، ئاماژە بەوەدەکات، خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو مەترسییەکانی لافاو کەمدەکەنەوە، هاوکات گوتیشی: پێویستە هاووڵاتییان لەبارەی پاراستنی رێڕەوەکانی ئاو هۆشیاربکرێنەوە.

محەممەد عەلی، پسپۆری سیاسەتی ئاو و کەشوهەوا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، زۆر هۆکار هەن وادەکەن لەکاتی بارانبارینی بەخوڕ لافاو دروستبێت، رێڕەوەکانی ئاوە دەبێت خاوێن بکرێنەوە بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی لافاو، هۆکاری دروستبوونی لافاو گیرانی رێرەوەکانی ئاوە.

هاوکات راشیگەیاند، زۆر جار بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی هەندێک ناوچە بەراورد بە هەندێک ناوچەی دیکە زیاتر تووشی لافاو دەبێت، بە نموونە هەڵکەوەتەی جوگرافیای هەولێز  لە خاڵێکدایە کە نزمترین خاڵی دەوروبەریەتی ئەمەش وادەکات زۆر جار لافاو لەو شارە رووبدات.

ئەو پسپۆرەی سیاسەتی ئاو و کەشوهەوا دەڵێت: پێویستە هاووڵاتییانمان هۆشیاربکەینەوە لەوەی رێڕەوەکانی ئاو بە خاوێنی رابگرن، دەبێت ئەوەش بزانن خاوێنڕاگرتنی رێڕەوەکانی ئاو لە بەرژەوەندی هەمووانە، چونکە کاتێک رێڕەوەکانی ئاو پیس دەبن دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لافاو دروستبێت.

محەممەد عەلی، باسی لەوەشکرد، گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا مەترسی وشکەساڵی بۆسەر هەموو جیهان دروستکردووە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا لە جیهان دروستکردنی کارگە و ئۆتۆمبێل روو لە زیادبوونە ئەمەش وا دەکات کە گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا زۆرتر بڵاوبێتەوە هەر ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ رێگریکردن لە بارانبارین.

ئەو پسپۆرەی سیاسەتی ئاو و کەشوهەوا، گوتی: ناتواندرێت پێشبینی بۆ بارانبارین بکرێت ئەگەر داتای 30 ساڵی رابردووت لەلا نەبێت، بەڵام هەموو ئاماژەکان و توێژینەوە جیهانییەکان دەڵێن بارانبارین زۆر کەم دەبێت بەهۆکاری گۆڕانکاری کەشوهەوا.

گوتیشی: عێراق بەدەست کەمئاوی و بیابانبوون دەناڵێنێت، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق ئەم کەمئاوی و بیابانبوونە دەیگرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو دەستەی کەشناسی هەرێمی کوردستان هۆشداری دابوو لەبارەی ئەم شەپۆلە بارانە بەخوڕەی کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە شاری هەولێریش بەدیاریکراوی دوای کاتژمێر 1:24ـی دوای نیوەڕۆ بارانبارینی بەخوڕ دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەم بارانە بەخوڕەی ئەمڕۆ بەشێک لە خانووەکانی گەڕەکی داراتوو، بەحرکە و تۆپزاوە ئاوی تێیدا کۆبووەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو گەڕەکانە شوێنەکەیان قوڵە، ئەمەش ببووە هۆی کۆبوونەوەی ئاو، هەروەها لە بەشێک لە شەقامەکانیش گرفتی هاتووچۆ دروستببوو بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاو بەرزببوەوە.

گوتیشی: دەستەی کەشناسی ئەوەی رایگەیاند کە دیار نییە ئایا باران بەردەوام دەبێت یان نا، هەروەها لە ئێستادا لە شاری هەولێر هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە ئەمرۆ هەرێمى کوردستانى گرتبووەوە لە ناوچەکانى باکوور و ناوەڕاستى هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و لە ئێستادا لە ناوچەکانى رۆژهەڵات، باکوورى رۆژهەڵات و هەندێک ناوچە گەرمیان کاریگەرى بە لاوازى ماوەتەوە و پێشبینى دەکرێ تا دوای نیوە شەو لە ناوچانەش کۆتایی پێبێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم کوردستان کەشوهەوای سبەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، سبەی ئاسمان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت پلەکانى گەرما یەک پلە نزمتر دەبێتەوە.

ئەمەش بارانى 12 کاتژمێرى هەندێک لە ناوچەکانى هەرێمە

هەولێر 28.2 ملم

شەمامک 27.5 ملم

پیرمام 22.7 ملم

سلێمانى 19.0 ملم

چەمچەماڵ 5.8 ملم

دهۆک 12.4 ملم

زاخۆ 15.2 ملم

ئاکرێ 1.2 ملم

ئامێدى 17.6 ملم

بامەرنێ 20.2 ملم

بازیان 5.6 ملم

دەربەندیخان 0.2 ملم

دوکان 11.2 ملم

هەڵەبجە 4.8 ملم

هەڵشۆ 2.2 ملم

کەلار 3.6 ملم