پڕۆژەی دروستكردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لە دهۆك جێبەجێ دەكرێت

K24 - هەولێر

لە شاری دهۆك، پڕۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی شەقامی بارزان، كە لە دوو رێڕەوی پێچكردنەوە "یوتێرن" پێكدێت، بە گوژمەی 13 ملیار و 150 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ شەممە، چواری تشرینی دووەمی 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەگوژمەی 13 ملیار و 150 ملیۆن دینار، پرۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی شەقامی بارزان لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

نەورۆز ئەحمەد، ئەندازیاری پڕۆژەكە، رایگەیاند: "ئەو پڕۆژە لە دوو یوتێرن پێکهاتووە، یەکێکیان لە نزیک خواردنگەی گەڤەرکییە و ئەوەی دیکەش دەکەوێتە نزیک شندۆخ. ماوەی 450 رۆژ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دیاریكراوە، تا ئێستاش 66%ی پڕۆژەكە تەواو بووە و لە مانگی شوباتی داهاتوودا هەمووی تەواو دەكرێت".

گوتیشی: " پڕۆژەكە بە گوژمەی 13 ملیار و 150 ملیۆن دینارە و لەسەر ئەركی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێت، بە تەواوبوونی پرۆژەكەش، شەقامی بارزان لە دهۆك، قەرەباڵغیی زۆری لەسەر نامێنێت و هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسانتر دەبێت".

لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر، بۆ سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 29 نیسانی 2022، رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 306 ملیار و 639 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ بەپێی کارە ئەنجام دراوەکان.

ئەو بڕە پارەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت، ئەوەش بۆ مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەردەوام پێشنیارکراوەکان.