کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران: زیاتر لە شەش ملیۆن سووری ئاوارەی 130 وڵات بوون

ژمارەیەک پەنابەری سووری لە ئەورپا - وێنە: AFP
ژمارەیەک پەنابەری سووری لە ئەورپا - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران ئاشکرای کرد، شەش ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی سووری تا ناوەڕاستی ئەمساڵ  ئاوارەی وڵاتانی جیهان بوونە.

بەگوێرەی راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەی پەنابەران بە رێژەی 1.2 ملیۆن (3%) بەرزبووەتەوە، هەروەها ئەو سوورییانەی بەهۆی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە هەڵدێن تا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ (2023) بەرزبووەتەوە، سەرباری ئەوانەی لە ئۆکرانیا و ئەفغانستان و سۆماڵیشەوە وڵاتەکانیان جێ دەهێڵن و ئاوارەی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا دەبن.

لەسەر ئاستی جیهاندا، 87%ـی پەنابەران لە 10 وڵاتەوە کۆچیان کردووە کە تاوەکو کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ وڵاتەکانیان جێهێشتووە، زۆرینەی هەرە زۆری پەنابەرانیش کە بەسەر وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبوونەتەوە، لە وڵاتەکانی ئەفغانستان و سووریا و ئۆکرانیان.

تا ئێستا پەنابەرانی سووری گەورەترین ژمارەی پەنابەرانن لەسەر ئاستی جیهاندا، بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنەکەش، زیاتر لە 6.5 ملیۆن هاووڵاتی سووری ئاوارەی 130 وڵات بوون، هەندێک لەو ژمارەیە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی خۆیان بوون وەک تورکیا و لوبنان و ئوردن.

هەر بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان تا ناوەڕاستی 2023، ئێران پێشوازی لە 3.4 ملیۆن، تورکیا 3.4 ملیۆن، ئەڵمانیا و کۆلۆمبیا هەریەکەیان پێشوازیان لە 2.5 ملیۆن پەنابەر کردووە.

ئا/ کارزان حەیدەر