ئهردۆغان: برایانمان له غهززه بێچارە و تەنیا جێنەهێشتووه
K24 – هەولێر:
سەرۆكکۆماری توركیا رهجهب تهیب ئەردۆغان رایگەیاند، ئەرکە لەسەر شانمان کۆمەڵکوژییەکانی غەززە بوهستێنین و گوتیشی: "برایانمان له غهززه بێچارە و تەنیا جێنەهێشتووە".
ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی چەندین پڕۆژە لە باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا، ئهمڕۆ گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە دۆخی غەززە کرد.
سهرۆككۆماری توركیا گوتی: "ئەرکە لەسەر شانمان برایانمان له فەڵەستین لە دەست ستەمی ئیسرائیل رزگاربکەین و ئەو تاوانانەی لە غەززە لەبەر چاوی جیهان ئەنجام دەدرێن، بیوهستێنین".
گوتیشی: "بەرپرسیارێتی مێژوویی ئێمەیە، کە بەدەنگێکی بەرز ئەو تاوانە بە پشتیوانیکەران و بکەرانی بڵێین".
سەرۆكکۆماری تورکیا جەختی لەوەشکردەوە کە، "برایانمان لە غەززە بێ خاوەن، بێ چارە و بە تەنیا جێنەهێشتووە و بەجێشیان ناهێڵین".
ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە کۆنگرەی شەوی رابردووی جەهەپە كرد، كه ئۆزگور ئۆزەل چووه شوێنی کەماڵ کڵچدارئوغڵو و بووه سهرۆكی جهههپه و رایگهیاند: "بای بای کەمال، بای بایی لە سەرۆکی تیرۆریستان".
لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.
تا ئێستا 1400 ئیسرائیلی و 9777 ههزار كهسیش له غهززه كوژراون، جیا له برینداربوون و بێسهروشوێنبوونی ههزارانی دیكه.