ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندی قوتابییانی خوێندنی پاراڵێل دەردەکات

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات، بۆ رەچاوکردنی دۆخی دارایی و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسانکاری زیاتر، پێویستە قستی یەکەمی کرێی خوێندنی قوتابییانی خوێندنی پاراڵێل دوابخرێت.

رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (14291) بە واژۆی ئومێد سەباح ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، جەخت لەسەر هاوکاریکردنی قوتابییانی خوێندنی پاراڵێل دەکاتەوە.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە رەچاوکردنی خراپی دۆخی دارایی و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسانکاری زیاتر، "پێویستە وەرگرتنی قستی یەکەمی کرێی خوێندنی قوتابییانی پاراڵێل دوابخرێت و نەکرێتە مەرجی وەرگرتن و دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە زانکۆ و پەیمانگەکان".