پزیشکێک: هیچ شیرینییەک توانای سێکس زیاد ناکات

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی لاوازی سێکسی رایدەگەیەنێت: هیچ شیرینی و سەوزەیەک نابێتە هۆی زیادکردنی توانا و ئارەزووی سێکس، تەنیا ئەو سەوەزانە نەبێت کە ماددەی ئەنتی ئۆکسیدانتی تێدایە.

د. عەلی ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی لاوازی سێکس و گورچیلە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لاوازی سێکسی، بریتییە لە کەمبوونی ئارەزووی سێکسی، تائێستا هۆشیاری سێکسی لە کۆمەڵگەدا وەک پێویست نییە، چونکە ئەو کێشانەی کە لەنێو خێزانەکاندا روودەدەن بەڵگەن بۆ ئەوەی هێشتا هۆشیاری سێکسی لاوازە".

گوتیشی: "لاوازی سێکسی لە ئافرەت و پیاواندا وەک یەکە، بەڵام لە پیاواندا زیاتر بەدوای چارەسەری لاوازییەکەدا دەگەڕێن".

د. عەلی، راشێگەیاند: "هەر سەوزە و میوەیەک ئەنتی ئۆکسیدانت، یا فسفۆڕی تێدابێت، کە لە خواردنە دەرییاییەکاندا هەیە، ئەوانە بە گشتی توانای سێکس زیاد دەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە هیچ زانستێکدا نییە، بڵێت کەوا شیرینی سێکس زیاد دەکات، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، لە بنەڕەتدا خواردنی زۆر شیرینی، وا دەکات چەوری لە دەماری چووکی پیاواندا کۆببێتەوە، وەک هەر ئەندامێکی تری جەستە، بەمەش ئارەزووی سێکس کەمدەکات".

هەندێک جار نەبوونی توانا و ئارەزووی سێکسی دەبێتە هۆکار بۆ کێشەی نێوان هاوسەران. هەڵوێست میرانی پارێزەری یاسایی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەگەر پیاوەکە لایەنی سێکسی هەر نەبوو، ئافرەتەکە دەتوانێت داوایەک پێشکەش بکات، لە هەر حاڵەتێکی لەو جۆرە، دادوەر دەیاننێرێتە لیژنەی پزیشکی، بە چەند لێکۆڵینەوەیەک تەندروستیدا تێدەپەڕێت، ئەگەر هاتوو ئەگەری چارەسەری لاوازییەکە هەبوو بۆ چاکبوون، ئەوا دادوەر بڕیاری جیابوونەوەیان نادات، بەڵام ئەگەر چارەسەریش نەبوو، خۆشی زانیویەتی ئەو کێشە تەندروستییەی هەیە و لە هەمانکاتدا بە ئافرەتەکەشی نەگوتبێت، ئافرەتەکە داوایەک پێشکەش دەکات، بە جیابوونەوەی"تفریق للضرر" جیابوونەوەی زیانگەیاندن، بکات لەو حاڵەتەدا".

پارێزەرەکە باس لە حاڵەتێکی تر دەکات و دەڵێ: "حاڵەتێکی دیکە بەپێی ماددەی 43 لە یاسای باری کەسی بە "تفریق للهجر" واتە ئەگەر پیاوەکە گەشت بکات، بەڵام لێرەدا گەشتی نەکردووە، لەجیاتی ئەوە ئەگەر بەیەکەوە نەخەوتبن، وەکو دوو هاوسەر مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر نەکردبوو، ئافرەتەکە دەتوانێت داوای جیابووەنەوە بکات، ئەمەش رێگا پێدراوە، ئەو کات دادوەر بەپێی ئەو بەڵگانەی بەردەستی بڕیاری جیابوونەوە دەدات یاخود نا".

هەڵوێست میرانی گوتیشی: "ئەگەر لەسەر بنەمای کێشەکە دۆسییەکە نەچێتە بەردەم دادوەر، رەنگە دادوەر ئاراستەی تر بگرێتەبەر، بۆ نموونە؛ جیابوونەوە بە هۆکاری لێکتێنەگەیشتن بڕیار بدات، بەڵام ئەمەیش نەچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە ئەمانە کێشەیان هەیە".

ئافرەتێک بەناوی سارا غەفوور، یەکێکە لەو کەسانەی گرفتی لاوازی سێکیسی هەیە. دەڵێت: "ئێمە لەناو ماڵدا، هیچ پەیوەندییەکی سۆزداریمان نەماوە، لە خەوتن لە گفتوگۆ، ئەوەی هەیە تەنیا لەبەر منداڵەکان قبووڵی دەکەین هەردوولامان، خۆ ئەگەر منداڵەکان نەبووایە هەر زوو دەستبەرداری یەکتر ببووین، من هەست بە بوونیی هیچ شتێک ناکەم لەخۆمدا".

هاووڵاتییەکی دیکە نەیویست ناوی بنووسرێت، ئاماژەی بەوەکرد: "لە رۆژدا لە دەوامم و خەریکی کارم، کە دەگەڕێمە ماڵەوە، دەبێت خەریکی ماڵ و خوارن و منداڵ بم ئەو ماوە کەمەی دەمێنێتەوە، دەمەوێت ئیسراحەت بکەم، بۆیە تاقەتی ئەوەم نییە بیری لێبکەمەوە، وابزانم ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی لاوازی سێکسی لای ئافرەتانی ئێستا زۆرە".

ئافرەتێکی دیکە بەناوی سەمیرە سدیق، بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "راستە کە لاوازی سێکسی لای ئافرەت زۆرترە وەک لە پیاو، بەڵام کۆمەڵگە وایکردووە کە شەرم بکەین و نەتوانین بچینە لای پزیشکی پسپۆڕ کێشەکانمان بخەینەڕوو، جگە لەوەش لەبەر عەیبە و شەرمە ناتوانین کێشەکانیشمان لای خێزانەکانیشمان باس بکەین، بڵێین کێشەی لاوازی سێکسیمان هەیە، ئەوەش داب و نەریت بەرپرسیارە".

ئا: لاڤین عومەر