ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەیتوانی رەشنوسی ئاگربەستی شەڕی غەززە پەسەند بکات

K24 - هەولێر

تۆڕی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریکی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە رەشنووسی بڕیارنامەیەک بۆ راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە پەسەند بکات.

سی ئێن ئێن لە زاری رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، "لەم قۆناغەدا هیچ رێککەوتنێک نییە".

گروپێک لە 10 ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش رەشنووسی بڕیارنامەکەیان پێشکەش کردبوو، بەڵام ئەمەریکا و بەریتانیا کە دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن کە دەسەڵاتی ڤیتۆیان هەیە، رەتیانکردەوە.

بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، زلهێزەکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی واشنتن و لەندەن، دژایەتی ئەو رەشنووسی بڕیارنامەیە دەکەن، کە دەستەواژەیەکی تێدایە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات.

وود گوتیشی: گفتوگۆ سەبارەت بە ئاگربەستی مرۆیی کراوە و ئێمە ئارەزووی درێژەدان بە گفتوگۆکانمان هەیە لەو بارەیەوە.

لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزارو 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە، کە تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 27 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە نزیکەی پێنج هەزارییان ژن و منداڵن.