یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان: مەترسی لەسەر پڕۆسەی خوێندن نییە

ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا لە قوتابخانە
ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا لە قوتابخانە

K24 - هەولێر

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان جەخت لەوە دەکاتەوە، مەترسیی لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان نییە و دەڵێت، مامۆستایانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەتوانن قەرەبووی ئەو خوێندنە بکەنەوە کە لەدەست چووە.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی خوێندنیان كردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیاری "راستە ئەگەر بایکۆتی مامۆستایان تا سەری ساڵ بەردەوام بێت، یونسێف خوێندنی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان هەژمار ناکات؟" رایگەیاند، "پڕۆسەی خوێندن لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. یونسێف تەنها راسپاردەی هەیە و بڕیارنادات لە پەکخستنی خوێندن نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە".

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دووپاتیشی کردەوە، "ئەگەر بایکۆتی خوێندن لە چەند شوێنێک بەردەوام بوو، ئەو شوێنە خۆی (بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە) کۆتایی بە پڕۆسەی خوێندن دەهێنێت، نەک لایەنێک لە دەرەوە بێت و کۆتایی بە خوێندن بێنێت".

گەرمیانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەرین کە پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەکان وەستاوە و تەنها قوتابیانی پۆلی 12 دەوام دەکەن، مەترسیی قورسایی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن هەیە. هەر کاتێک لەو سنوورە پڕۆسەی خوێندن دەستیپێکرد؛ خوێندن ئاسایی دەبێتەوە و مامۆستایان توانایان هەیە قەرەبووی خوێندنەکە بکەنەوە، بەڵام چەند دوابکەوێت دەستپێکردنەوەکە قورستر دەبێت".

ئاماژە بەوەش دەدات، "ساڵانی رابردوو کاتێک کێشەی بایکۆت رووبەڕوومان بووەوە، پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلە ناکۆتاکان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک تەواو ببوو، بەڵام دوای 20 رۆژ لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە تەواو بوو و توانرا قەرەبووی خوێندن بکرێتەوە".