شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما دادەبەزێت

K24 – هەولێر

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما دادەبەزێت.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینى هاتنى کەشێکى ناسەقامگیر دەکرێت لە ماوەى رۆژانى داهاتوودا، کە بۆ ماوەى چەند رۆژێک لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، درێژبوونەوەى نزمە پاڵە پەستۆی لاوازى تورکیا کە کاریگەرییەکەى لە درەنگانى شەوى سێشەممە دەستپێدەکات بۆ رۆژى چوارشەممە کاریگەرى زیاد دەبێت و بارانبارین بەشێوەى نمە باران و بارانى مامناوەند لەسەر جەمى ناوچەکەمان دەبارێت و هەورە تریشقەش لەکاتى باران دەبێت.

لە راپۆرتی کەشناسی ئەوەشخراوەتەڕوو، پلەکانى گەرما بە نزیکەى (4-6) پلەی سیلیزى نزم دەبێتەوە  ناوچە شاخاوییەکان ئاستى دابەزینى پلەکانى گەرما زیاتردەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشداوە، "کاریگەرى ئەم شەپۆلە بە دووقۆناغ دەبێت، قۆناغى یەکەم تا رۆژى پێنجشەممە دەبێت پاشان لە رۆژى هەینى لە کاتى نەگۆڕانى کەشەکە قۆناغى دووەم دەستپێدەکات، پێشبینى دابارین لەم قۆناغە زیاتر دەبێت لەگەڵ نزیک بوونەوە لە هاتنى شەپۆلى دووەم پێشبینى لەسەر ئاست و کاریگەرى ئەم شەپۆلە بڵاودەکەینەوە".