مایڵز کاگینز: بەرەوپێشچوونی باش بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەیە

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، ئاماژە بەوە دەکات، گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسایین و، هەروەها گەورەترین کێشەیان لەگەڵ بەغدا پرسی گرێبەستەکانی نەوتە. هاوکات گوتیشی: بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا حەوت ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئاست بەرز و باڵا هەیە لەبارەی نەوت و بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی تەواوەتی نەوتی هەرێمی کوردستان، من نوێنەرایەتی شەش کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت دەکەم لە هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوەکەی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقمان بینی کە دەڵێن: "گرنگە کە جارێکی دیکە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت دەسپێبکاتەوە"، ئێمەش وەک کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت کارێکی باشمان کردووە و هەوڵی زۆرمان داوە کە دووبارە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

هاوکات راشیگەیاند، ئەو کەسانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمەڵەی پیشەسازی ئەپیکور هەیە، پێویستە بزانن کە چۆن پارەی ئێمە کە رابردوو هەمانە چۆن پێمانی دەدەنەوە و پڕۆسەکە چۆنە بۆ داهاتوو کە چۆن پارەمان دەدەنێ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، "کە گرنگە ئەو گرێبەستانەی کە هەن رێزیان لێبگیرێت لەلایەن بەغدا و ئەپیکورەوە"، ئەندامەکانی ئەپیکور گرێبەستی هاوبەشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، گفتوگۆ هەیە لەنێوان بەغدا و هەرێم بۆ ئەوەی لە داهاتوو چۆن پارە بدەنە ئەندامەکانی ئێمە، ئەگەر ئەوە روون بوویەوە ئەپیکور ئامادەیە دەستبکاتەوە بە هەناردەی نەوت.

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، دەڵێت: ئەندامانی ئەپیکور رێز لەو گرێبەستانە دەگرن کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیانە، بۆیە لە ماوەی یەک هەفتەدا ئێمە کۆبوونەوەمان هەبووە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، بەرەوپیشچوونێکی زۆر باش هەیە چاوم لەوەیە کە چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ گرێبەستەکان.

مایڵز کاگینز، باسی لەوەکرد، ئامانجمان ئەوەیە کە ئێمە دەستبکەیەنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت و، هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهانی تورکی بە شێوەیەکی خێرا، هەولێر و بەغدا باش دەزانن کە حەوت ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە ئەو نەوتەی کە نەفرۆشراوە زیانی لە هەموو عێراق داوە، هەروەها کاریگەری کەردووتەوە سەر کێشەی مووچە، هاوکات چاومان لەوەیە ئەو نەوتە بفرۆشرێت و ئەو پارە بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لێکتێگەشتنێکی باشتریان هەیە لەسەر ئەوەی کە گرێبەستەکانی ئێمە چەندە یاسایی و چەندە باشن و کۆمپانیای نێودەوڵەتین و 15 ساڵە ئەم گرێبەستانەمان هەیە.

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، ئەوەشی خستەڕوو، بەپێیە ئەو گرێبەستانەی کە ئێمە هەمانە ئەندامانی ئەپیکور دەتوانن ئەو نەوتەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت بیفرۆشن بە بەغدا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمەوە بۆ ئەوەی لەو رێگەوەیە ئەو نەوتە بچێتە دەرەوە، ئێمە لە دوبەی بە وەزیری نەوتی عێراقمان راگەیاند، "کە ئێمە دەمانەوێت ئەو نەوتەی لە هەرێم دەریدەهێنن بیفرۆشینە ئێوە بۆ دووبارە هەناردەکردنی بۆ بازاڕی جیهان".

ناوبراو گوتیشی: من گەشبینم لەوەی، بەرپرسانی هەولێر و بەغدا دەڵێن، "دەبێت بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئێمە زۆر بە پەرۆشین و چاومان لەوەیە دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە".

لەبارەی گرێبەستەکانی نەوت مایڵز کاگینز رایگەیاند، گرێبەستەکانی ئەپیکور لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەندێکیان 15 ساڵ لەمەوپێش واژۆکراون و یاسایین، بەغدا دەیەوێت وردەکاری زیاتر بزانێت لەسەر ئەو گرێبەستانە، بزانێت کە ئەو گرێبەستانەی کە ئێمە کردوومانە وەک هەمان گرێبەستن کە لەبەغدا کراون لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە، دەیانەوێت بزانن وردەکاری ناو گرێبەستەکان چین.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "ئەو کۆبوونەوەی کە لە دوو رۆژی داهاتوو ئەنجامدەدرێت زۆر وردەکاری و بەرچاوڕوونی دەداتە بەغدا لەسەر گرێبەستەکانی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەو گرێبەستانە بەردەوامبێت و رێز لەو گرێبەستانە دەگرین چونکە 15 ساڵە کراون و یاسایین".

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، روونیکردەوە، ئەپیکور لە ئێستادا چاویان لەوەیە کێشەکانی ئەو گرێبەستانە لەگەڵ بەغدا لەرێگەی دیپلۆماسی و بازرگانییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە دەیانەوێت بەبێ چونە دادگا ئەو کێشەیە یەکلاییبکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی دادگا پرۆسەکە دوادەخات.

لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەولێر و بەغدا و جیاوازییەکانی، مایڵز کاکینز گوتی: گفتوگۆ کراوە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان، گرگنترین کێشە بۆ ئەپیکور ئەوەیە کە چۆن پارەی پێشوو وەربگرین و چۆن پارەی داهاتووش وەربگرین، لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت گرانترە، بەڵام لە باشووری عێراق تێچووی بەرهەمهێنانی هەندێک لە کۆمپانیاکانی نەوت زۆر هەرزانترە بەراورد بە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان بەردەوامە بە گوێرەی ئەو یاساییە کە بۆ نەوت و غاز بڕیارە دەربچێت و هیوادارم بەرپرسانی بەغدا کە ئێستا لە هەولێرن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور گفتوگۆی باشیان هەبووە لەگەل وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیوەندییان هەیە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەش بۆیە زیاترە لە 60%ـی ستافی تەکنیکمان کوردن دەمانەوێت بگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان و چونکە دواجار لە خزمەتی ئابووریەکی بەهێزە بۆ کوردستان.

هاوکات راشیگەیاند، چاویان لەوەیە هەروەکو چۆن پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەهەمان شێوە پەیوەندییەکی باشیان هەبێت لەگەڵ بەرپرسانی بەغداش کە وەک خۆی دەڵێت: "ئەمە رێگەی راستەکەیە".

رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.

دواتر شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکە، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە.