وەزیری نەوتی عێراق: بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت هاتووینەتە هەولێر

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا لێکتێگەیشتنی باشیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە. دەشڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوت، "بۆ عێراق گرنگە، چونکە بۆ دابینکردنی بودجە پێویستی پێیەتی".

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر هەردووکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە. 

حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت".

وەکو ئەوەی حەیان عەبدولغەنی باسی کرد، "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتە و حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن".

وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، "هەنگاوی یەکەم، رێککەوتنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن و رێککەوتنێکی سەرەتاییشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین".

لەبارەی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ تورکیا لەیەکتێگەیشتنمان هەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

 

 

لەلایەن خۆیەوە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)، رایگەیاند، "پێش سێ رۆژ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رێککەوتن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم سەردانی هەرێمی کوردستان بکات".

بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، "کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە" و دەڵێت، "لە یاسای گشتیی فیدراڵی، بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان شەش دۆلار دیاریکراوە. ئەم نرخە لەگەڵ شێوازی گرێبەستەکانمان ناگونجێت".

گوتیشی، "شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ماوەی دوو رۆژ لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت. هیوادارین لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا بگەیەنە ئەنجامێک لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەکان چارەسەر ببن".

 

Fly Erbil Advertisment