بەغدا.. به‌ به‌شداری شاندی حكومه‌تی هه‌رێم چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانى ئاو بەڕێوەچوو

K24 - هەولێر:

پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌سه‌رپه‌رشتی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی و  به‌ به‌شداری شاندی هه‌رێمی كوردستان، چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانى ئاو بەڕێوەچوو.

پارێزگای هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئەمڕۆ (دووشەممە 13ـی تشرینی دووه‌می 2023)، بە بەشدارى شاندی حکومەتى هەرێمی كوردستان، کە پێکهاتبوون لە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر،  کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم و دكتۆر کاروان هەورامى بەڕێوەبەرى گشتیى لە وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێمی كوردستان، بە سەرۆکایەتى محه‌ممه‌د شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانى ئاو بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵیەکان کرا، بەپێی ئەو پشکانەی ئاو کە بۆ پارێزگاکان پەسەند کراوە.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پڕۆژانەى هەولێر، کە لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو، لە مانگى ئادارى رابردوودا لە کاتى سەردانى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێرى پایتەخت پێشکەشى کرابوون، خرایە بەرباس و گفتوگۆ، دواى خستنەڕووى پڕۆژەکان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى و وەرگرتنى راو سەرنجى ئەندامى لیژنەکە کە لە چەند وەزیرێکى پەیوەندیدارى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانیش تێدا ئەندامە پێکهاتووە، بە کۆى دەنگ پڕۆژەکان پەسندکرا و ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى عێراقى فیدراڵ کرا بۆ دەستکردن بە رێکكارى دیکە، ئومێد دەکرێت لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى پێویست لە لایەن حکومەتى عێراقەوە دابین بکرێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان کە (14 ملیار دینار)ە.

هه‌روه‌ها لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین بابەت و پرسى دیکەى تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی ژینگە و بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و دامەزراندنی سندوقێک بۆ پشتگیریکردنی توێژینەوە و دەستپێشخەرییەکان بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەکان و رووبەڕووبوونەوەی کەمی ئاو و کاریگەرییەکانی لە عێراق بە گشتیى و چەند دۆسییەکى دیكه‌ گفتوگۆى لەبارەوە کرا و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى ناوبراو بڕیار و راسپاردەى پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا. (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌).