لە چوار مانگدا زیاتر لە حەوت هەزار تۆن کەرستە لەلایەن دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە پەسندنەکراون
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رایدەگەیەنێت، لە چوار مانگدا زیاتر لە حەوت هەزار تۆن کەرستە لەلایەن تاقیگە و لیژنە پەیوەندیدارەکانی دەروازەکەوە پەسندنەکراون و زۆرینەیان لەنێوبردراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا (لە 01-07-2023 تاوەکو 31-10-2023)، حەوت هەزار و 252 تۆن کەرستەی جۆراوجۆر لەلایەن تاقیگە و لیژنە پەیوەندیدارەکانی دەروازەکەوە پەسندنەکراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرینەی ئەو کەرستانەی پەسندنەکراون؛ لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدەگونجان؛ بەشێکی زۆریان لەنێوبردراون و ئەوانەی دیکەشیان گەڕێندراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، "زۆرینەی کەلوپەل و کەرستەکان تایبەت بوون بە خواردن و خواردنەوە و، بەشێکیشیان کەرستەی بیناسازی، فیتەرنەری و کشتوکاڵی بوون".
ئامادەکردن: لاڤین عومەر