لە سوید رێکارەکان دژی پەنابەران توندتر دەکرێن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە سوید بەهۆی گۆڕینی یاسای پەنابەری، ژمارەیەک پەنابەر کە تا ئێستا مافی مانەوەیان نەبووە دەستگیر دەکرێن و رەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر خواستی خۆشیان نەبێت، تیمی کوردستان24 دەچێتە یەکێک لە گرتووخانەکانی دەستبەسەرکردنی پەنابەران و یەکێک لەو پەنابەرانە دەڵێ: زیاتر لە دوو هەزار پەنابەری عێراق لەم زیندانەن و لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن.

هاووڵاتییەکی بەرەگەز عەرەب بەناوی جەعفەر عەلی، بە کوردستان24ی گوت: "ساڵانێکە  هەوڵدەدەم تاکو بتوانم ژیانێکی ئاسایی لە وڵاتی سوید دروست بکەم، 15 ساڵ پێش ئێستا هاتمە وڵاتی سوید، دڵەڕاوکێی و کارکردن و بێ مافی پەنابەری وای لێکردوم خەو ناچێتە چاومەوە، ئێستا لەم گرتووخانەیە، چاوەڕوانی ناردنەوەم، بۆ عێراق".

ئەو هاووڵاتییە گوتی، "لەم گرتووخانەیە نزیکەی دوو هەزار و 31 پەنابەری عێراقی لە هەموو پارێزگاکانی تێدایە، هاووڵاتی کوردستان پێنج پەنابەری لێیە، ئەم وڵاتە بە رووکەش باسی مافی مرۆڤایەتی دەکات، بەڵام لە راستیدا هیچ شتێک نییە بەناوی مرۆڤایەتی لەم وڵاتەدا، کە بانگەشەی بۆ دەکرێت سەرچاوەکانی ژیان لێرە بەهیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نین".

مووسا سایمەدێ، خەڵکی شاری دیاربەکری باکووری کوردستانە، وەک پەنابەر لە سوید دەژیت، ئەو دەڵێت: "بەیانیان زوو دەڕۆم بۆ کار، بۆ ئەوەی بتوانم خێزانەکەم بێنمە ئێرە ئومێدم هەیە، بەڵام لە دڵەراوکێشدام، لەبەر ناچاری کرێی خانوو و بژێوی ژیان رووم لێرە کردووە، ئێرە لەگەڵ دیاربەکر زۆر جیاوازە".

بەهار وەزیری، پارێزەر لە سوید پارێزەرە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەرنەگرتنی پەنابەران بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، دوو بەرامبەر زیادیکردووە، لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو دۆخەکە سەقامگیرتر بوو بۆ ئەوەی پەنابەران بێنە وڵاتی سوید، بەڵام ئێستا زۆر سەختە، یاساکان وا گۆڕاون 150 خاڵە، قسەی خۆیان دەکەن، دەیانەوێت بە تەواوی بە وشەی یاساییەوە دایرێژن بۆ ئەوەی سەخت و سەختربێت".

‎بە پێی داتاکانی دەزگای کۆچی سوید، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئۆکتۆبەری 20 هەزار و 686 کەس ‎داوای مافی بەیەکگەیشتنی خێزانەکانیان کردووە، تەنیا دوو هەزار و 395 کەس داواکارییان پەسەند کراوە، لەو ماوەیەدا داواکاری بۆ مافی مانەوەی کارکردن 32 هەزار و 524 کەس بووە، کە تەنیا دوو هەزار و 814 کەس پەسەند کردنی داواکاری بەشێوەی کاتی قبووڵکراوە.

هەر بەپێی ئەو داتایە ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی وڵاتەکانیانەوە بە کۆمەڵ هاتوون 14 هەزار و 484 کەسە، تەنیا هەزار و 43 کەسیان قبووڵکراون، ئەوانەی بۆ خوێندن روویان لەو وڵاتە کردووە 13 هەزار و 364 کەسە، بەڵام 695 کەسیان وەرگیراوە، ئەوانەی بۆ پاراستنی گیانیان هاتوون هەزار و 55 کەس وەرگیراون.

‎سوید، ئەو وڵاتەی کە جاران بەهۆی یاساکانییەوە لە روانگەی خەڵکەوە ببووە بەهەشتێک بۆ پەنابەران، ئێستا پەنابەران  خۆیان لە یاساکانی دەشارنەوە و گرتووخانەکان بوونەتە شوێنی مانەوەیان، زۆرینەی پێکهاتەی حکومەتی سویدیش بۆچوونی وایە، ‎ئەم وڵاتە هی سویدییەکانە و دەبێ ئەوانی تێدا بژین.