محەممەد حەلبووسی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد، لەمیانەی دیداری نێوانیان دوایین پێشهاتە سیاسییەکانیان تاووتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی تشرینی دووەمی 2023) محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، هاوکات لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و کارکردن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی کرد.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی پشتبەستن بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە رێگەی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە، کە نوێنەرایەتی بناغەی بنەڕەتی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکەن .

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.

حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.