سوید: ئه‌وانه‌ی تازه‌ مافی په‌نابه‌رێتی وه‌رده‌گرن ده‌بێت كۆرسی كۆمه‌ڵایه‌تی بخوێنن

سوید
سوید

K24 – هەولێر:

یوان پارشۆن، وەزیری هاوگونجێی و سەرۆکی پارتە لیبراڵەکانی سوید دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، ئەو پەنابەرانەی تازە مافی پەنابەرێتییان لە سوید وەرگرتووە، پێویستە کۆرسێکی نوێ بەناوی(Sverigekurs) تەواو بکەن و تاقیکردنەوەکەی تێپەڕێنن بۆ ئەوەی مافی وەرگرتنی ئەو کۆمەکە داراییەیان هەبێت کە سوید دەیداتە پەنابەرانی نوێ.

رادیۆی کوردی سوید بڵاوی کردەوە ، یوان پارشۆن ، وەزیری هاوگونجێی و سەرۆکی پارتە لیبراڵەکان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی (Dagens Nyheter) رایگەیاند، ئەو پەنابەرانەی تازە مافی پەنابەرێتییان لە سوید وەرگرتووە، پێویستە کۆرسێکی نوێ بەناوی (Sverigekurs) تەواو بکەن و تاقیکردنەوەکەی تێپەڕێنن، بۆ ئەوەی مافی ئەو کۆمەکە داراییەیان هەبێت کە سوید دەیداتە پەنابەرانی نوێ.

یوان پارشۆن دەشڵێت: بەو شێوەیە حکومەت و دیموکراتەکانی سوید دەیانەوێت کۆرسێکی ناچاری بەناوی "سواریە کۆرشن" لە وانەی کۆمەڵناسی بۆ پەنابەرانی نوێ کە تازە مافی پەنابەریان وەرگرتووە  زیاد بکەن.

وەزیری هاوگونجی سوید گوتیشی: "من وەکو کەسێکی لیبراڵ باکم نییە بەوەی خەڵکی چۆن و لە کوێ جەژنی کریسمس و بۆنەکانی دیکە دەگێڕن کێشە نییە بەلامەوە، بەڵام کاتێ بەها کۆمەڵایەتییەکانمان و یاسا بنەڕەتییەکانمان هێرشیان دەکرێتە سەر ، ئەو کاتە کێشەیە ، "سواریا کۆرشن"ـیش ناچاریە هەموو پەنابەرێک کە تازە مافی پەنابەرێتیان وەرگرتووە ئەو  کۆرسە وەرگرن کە ئامانج لێی ناساندنی کۆمەڵگەی سویدی و بەها و بنەما کۆمەڵایەتییەکان  و یاسا بنەڕەتیەکانی سویدە بە پەنابەر".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بابەتانەی لە کۆرسەکە باسدەکرێن یەکسانییە لەگەڵ بنەماکانی دەوڵەتی یاسا، لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و مافی منداڵان.

پارشۆن سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئەوەی بەو کۆرسەدا تێپەڕ نەبێت، مافی وەرگرتنی کۆمەکی دارایی لە حکومەتی سوید نابێت، تەنها ئەوپەڕی دەتوانێ سۆسیال فیدراڵ وەرگرێت کە ئەویش کۆمەکێکی کەمە.

وەزیری هاوگونجێی لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ رۆژنامە سویدیەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کۆرسە بۆ ئەو جۆرە بیانییانەش دەبێت کە دەمێکە لە سویدن، بە نموونەش بۆ ناساندنی کاروبارەکانی دەزگای سۆسیال پێیان، بە نمونەش ئەوانەی لە گۆڕەپانی  زانیاری نا دروست لەسەر دەزگای سۆسیال بڵاودەکەنەوە، پێویستیان بە کۆرسێکی چڕ و پڕە لەو بارەیەوە.

ئامادەکردنی: کارزان حەیدەر