گۆڕان مانگی داهاتوو رێکخەر و خانەی نوێی راپەراندن هەڵدەبژێرێت

لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان

K24 - هەولێر

بزووتنەوەى گۆڕان مانگى داهاتوو ڕێکخەر و خانەى نوێی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرێت. ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزووتنەوەکەش دەڵێت، هەر کەسێک لە ناو گۆڕان کار بکات، مافى هەیە فۆڕمى کاندیدبوون بۆ خانەى ڕاپەڕاندن پڕ بکاتەوە.

لە دوایین کۆبونەوەى جڤاتی نیشتمانى گۆڕان، بڕیاردراوە رۆژی شەممە، 09-12-2023 و لە کۆبوونەوەیەکى جڤاتى نیشتیمانیدا؛ ڕێکخەر و خانەى نوێى ڕاپەڕاندن هەڵبژێردرێن. هەر کەسێک لەنێو گۆڕان کار بکات و ئەندامى ئەو بزووتنەوەیە بێت؛ دەتوانێت فۆڕمى کاندیدبوون بۆ خانەى ڕاپەڕاندن پڕ بکاتەوە کە ژمارەى ئەندامانى خانەکە بە ڕێکخەرەوە دەبێتە حەوت ئەندام.

 تا ئێستا هیچ ناوێک ئاشکرانەکراوە کە دەبێتە ڕێکخەرى داهاتووى بزووتنەوەى گۆڕان. بە گوتەى ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانیش، رێکخەرى پێشوو مافى خۆ کاندیدکردنى هەیە.

نزار مەحمود، ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەدات، "رێکخەرى پێشوو مافى ئەوەی هەیە خۆى کاندید بکاتەوە، بەڵام پێموایە هەر یەکەمجاریش ڕێکخەرى گشتى کاتى خۆى تەکلیفى لێکرا بۆ ئەوەى خۆى کاندید بکات، پێى باش نەبوو، بۆیە پێموانییە ئەم جارە خۆى کاندید بکات".

رەنج ئەحمەد، لە سەرەتاى دامەزراندنى بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە کارى کردووە و تا ساڵى 2017 دەنگى پێداون، بەڵام ئێستا لە بزووتنەوەکە زویر بووە و پێى وایە ئەو بەڵێنانەى داویەتی زۆرینەیان جێبەجێ نەکراون. ئێستاش پێی وانییە بە هەڵبژاردنى رێکخەر و خانەى نوێى ڕاپەڕاندن؛ دۆخى نێوخۆیی گۆڕان باشتر ببێت.

ئەو دەنگدەرەی پێشووی گۆڕان دەڵێت، "خانەى ڕاپەڕاندن ئەم خانەیەیە کە ئەوان هەڵیدەبژێرن. هەر ئەو خانەى ڕاپەڕاندنە بوو کە گۆڕانى گەیاندە ئەم رۆژە. خۆم هیوا و ئیمانم پێیان نەماوە".

گۆڕان دەیەوێت بە هەڵبژاردنى ڕێکخەر و خانەى نوێى ڕاپەڕاندن هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامى پڕۆسەى ئاشتەوایی نێوخۆیی بزوتنەوەکە بە هەگبەیەکى پڕەوە بەرەو دووەمین کۆنفڕانسى نیشتیمانى بچێت. وەکو بەرپرسانى بزوتنەوەکە دەڵێن، ئەوە هەنگاوێکى گرنگە بۆ بەهێز بوونەوەیان.