ئاینور بابایێڤ گۆرانییەک بۆ یەکگرتوویی گەلی کورد دەڵێت

K24 - مۆسکۆ

خانمە گۆرانیبێژی کوردی رووسیا ئاینوور بابایێڤ، نوێترین گۆرانی خۆی کلیپ و بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای یەکبوون و یەکگرتوویی گەلی کورد دەکات.

ئاینوور بابایێڤ، لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی (یەک یەک) بڵاوکردەوە، لە بەشێکی گۆرانیەکەدا دەڵێت: یەک یەک ئەم ببین یەک، نکارا بەمە کەسەک، ئارمانجا مە هەمیایە ببین ولاتەک سەربەخۆ".

لەبارەی بەرهەمە نوێیەکەیەوە، ئاینوور بابایێڤ تایبەت بۆ کوردستان 24 رایگەیاند، تێکستی گۆرانیەکە هی خۆیەتی و موراد شامیل کاری میوزیک و ئاواز دانانی بۆ کردووە.

ئاینوور دەشڵێت: "گۆرانییەکە لەبارەی یەکگرتوویی کوردانە بۆ دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ، ئەو گۆرانییە پێشکەشی گەلەکەمی دەکەم".

ئاینوور بابایێڤ، هونەرمەندێکی گەنجە لە رووسیا دەژیت، تەمەنی 26 ساڵە لە منداڵییەوە حەز بە گۆرانی کوردی دەکات، لە تەمەنی 19 ساڵی بووەتە ئەندامی رووسکی کازاچی خۆر، لە 2022 بەشی موزیکی لە زانکۆ تەواوکردووە و 2019 بووەتە گۆرانیبێژ لە ئاهەنگی کوردەکان، هەروەها لە 2022 کلیپێکی بەناوی Aynûr Babaêva -Potporî یەک ملیۆن بینەری تێپەڕاند.