ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن دەکەن

قوتابخانەیەک لە پارێزگای سلێمانی
قوتابخانەیەک لە پارێزگای سلێمانی

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن داواکارن لە مامۆستایان رۆژی دووشەممەی داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەمیانەی راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "دوای زیاتر لە دوو مانگ داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەستکردن بە مەترسی بەردەوامبوونی زیاتری ئەم دۆخە، وەک ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، داوا دەکەین سەرباری سەختی باروگوزەرانی مامۆستایان، بۆ ئەمجارەش هەمووان پێکەوە شان بدەینەوەبەر بەرپرسیارێتیمان و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە و بۆ ئەوەی قوتابییان لەوەزیاتر خوێندنیان نەفەوتێت و چارەنووسیان بە نادیاری نەمێنێتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، "ئێمە وەک پەروەردەکارانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا لە مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ دەکەین لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو رووبکەنە ناوەندەکانی خوێدن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتگیری داواکانتان".

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایكۆتی خوێندنیان كردووە.

رۆژی چوارشەممە، (25ـی ئۆکتۆبەری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و داوای مافی خۆیان دەکەن، دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت رووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داوای مافەکانی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵکی کوردستان بکەین".

پ]