کاریگەری هەمەچەشنکردنی سەبەتەی بەرهەمەکانی هەناردەکردن لەسەر گەشەی ئابووری و هەلی کار

Kurd24

ئەو وڵاتانەی کە لە کۆی داهاتەکانیاندا زۆر پشت بە داهاتی هەناردەکردن دەبەستن، لەکاتی سەرهەڵدانی ناسەقامگیری نرخ یاخود خواستی گشتی لەسەر ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانە کە لە هەناردەکردنیان زۆر پشتی پێدەبەستن رووبەڕووی کێشە و لەدەستدانی داهات و سەرئەنجام بچووک بوونەوەی ئابووری نەتەوەیی دەبنەوە. بۆ نموونە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە داهاتی نیشتمانی خۆیاندا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستن یاخود نەوت تاکە سەرچاوەی هەناردەی وڵاتەکانیانی پێکهێناوە، ئەوا بەهۆی دابەزین یاخود ناسەقامگیری نرخی نەوتەوە کاریگەری نەرێنی کەسەر داهاتی هەناردەکردنیان و ئابووری یەکانیان دەبێت.

هەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناسەقامگیری داهاتی سەر هەناردەکردن هەمیش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتەکانیان، وڵاتان پەنا دەبەن بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو جۆرە بەرهەمانەی کە هەناردەیان دەکەن واتە لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی بەرهەم و خزمەگوزاری هەناردەکراوە "Diversification".

هەمەچەشنکردن لە هەناردەکردندا بریتییە لە پرۆسەی زیادکردنی ژمارەی جۆرەکانی بەرهەم لە سەبەتەی بەرهەمی هەناردەکردنی وڵاتانی هەناردەکاردا، بەم کردارەش سەقامگیری لە داهاتی هەناردەکردندا مسۆگەر دەکرێت

سەقامگیری داهاتی هەناردەکردن ڕۆڵ و پشکێکی بەرچاوی هەیە لە گەشەی ئابووریدا. هەمەچەشنکردن لە هەناردەکردندا بریتییە لە پرۆسەی زیادکردنی ژمارەی جۆرەکانی بەرهەم لە سەبەتەی بەرهەمی هەناردەکردنی وڵاتانی هەناردەکاردا، بەم کردارەش سەقامگیری لە داهاتی هەناردەکردندا مسۆگەر دەکرێت. سەرنج بدەینە سەر ئابووری جیهان، دەبینین کە وڵاتانی پێشکەوتوو سەبەتەی هەناردەکردنیان فراوانتر و هەمەچەشنترە لەڕووی ژمارەی جۆری بەرهەمەکانەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، هەروەها وڵاتانی تازەپێگەیشتوویش سەبەتەی بەرهەمی هەناردەکردنیان فراوانترە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە دواکەوتووەکان.

هەمەچەشنکردنی بەرهەمەکانی هەناردەکردن کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری هەیە

لە زۆربەی ئەو توێژینەوە زانستییانەی کە لەلایەن ئەکادیمیست و توێژەرانەوە ئەنجام دراوە لەبارەی پەیوەندی نێوان گەشەی ئابووری و هەمەجۆرکردنی بەرهەمەکانی هەناردەکردن، دەرکەوتووە کە هەمەچەشنکردنی بەرهەمەکانی هەناردەکردن کاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری هەیە بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی "ترەیدمەپ"ەوە 5300 بەرهەم و بابەتی هەناردەکردن هەن کە لەسەرئاستی نێودەوڵەتیدا هەناردە دەکرێن. ئەو وڵاتە دەیباتەوە کە زۆرترین بەرهەم بەکاردێنێت لە هەناردەکردندا. بۆیە وڵاتان کێبڕکێی یەکتری دەکەن لە رووی بەدەستهێنانی پسپۆڕی نوێ و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ زیادکردنی سەبەتەی بەرهەمی هەناردەکراویان. بۆ نموونە تا ساڵانێک مۆز و میوەی دراگۆن فرویت و مانگۆ لە تورکیا بوونیان نەبوو بەڵام ئێستا لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای تایبەت و زانست و زانیاری نوێوە ئەو بەرهەمانە زۆرتر بەمەبەستی هەناردەکردن یاخود کەمکردنەوەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لەناوخۆی تورکیا دەچێندرێن. 

بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو یاخود دواکەوتوو بۆ بەدەستهێنانی گەشەی ئابووری بەردەوام و سەقامگیر نابێت گرنگی هەمەچەشنکردنی بەرهەمەکانی هەناردەکردن پشتگوێ بخرێت، هەمەچەشنکردن لە هەناردەکردندا گەشەی ئابووری باشتر و زیاتر دەکات، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داهاتی ڕاستەقینەی ناوخۆی وڵات و تاکەکانیش بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی زیادبوونی پێویستی بە هێزی کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە و کارگەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی هەناردەکردن. واتە هەلی کار زیاتر دەڕەخسێت و لە ئەنجامدا ئاستی خۆشگوزەرانی ئابووری هاووڵاتییانیش باشتر دەبێت. لەبەر ئەم هۆکارانە، هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن بۆ دەسەڵاتدارانی وڵات و بڕیار بەدەستان گرنگە.

پشت بەستن بە تاک بەرهەم یاخود ژمارەیەکی کەم لە بەرهەمەکانی هەناردەکردن، دەتوانێت وڵات بەرەوڕووی مەترسیی ئابووری و سیاسی بکاتەوە

هەروەها دەتوانرێت ئەو مەترسییە ئابووری و سیاسییانەی کە بەهۆی پشتبەستن بە هەناردەکردنی کاڵایەک یان چەند کاڵایەکی بنەڕەتییەوە دروست دەبێت. بە زیادکردنی ژمارەی بەرهەمەکان لە سەبەتەی هەناردەکردندا کەم بکرێنەوە و ئابووریەکی سەقامگیرتر بەدەست بهێنرێت. چونکە پشت بەستن بە تاک بەرهەم یاخود ژمارەیەکی کەم لە بەرهەمەکانی هەناردەکردن، دەتوانێت وڵات بەرەوڕووی مەترسییە ئابووری و سیاسی بکاتەوە. مەبەست لە مەترسییە ئابوورییەکان بریتیین لە کەمبوونەوەی بڕی دراوی بیانی و ناسەقامگیری ئابووری، و دروستبوونی دەرئەنجامی نەرێنی لە گۆڕاوەکانی ئابووری هەمووەکی وەکو (گەشەکردنی ئابووری، ڕێژەی بێکاری، پلانی وەبەرهێنان، توانای هاوردە و هەناردەکردن، هەڵهاتنی سەرمایە و دراوی بیانی، هەڵاوسان...هتد).

کرداری هەمەچەشنکردنی سەبەتەی هەناردەکردن پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆیی واتە زیادکردنی ژمارەی کارگەکان هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی کوالێتی بەرز کە توانای کێبڕکێکردنی هەبێت لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی تری ڕکابەر پێویستمان بە تەکنۆلۆژیای نوێ و تێچوویی ماددی و هزری زۆر بەرز هەیە. بۆیە باشترین بژاردە بۆ وڵاتانی وەکو ئێمە کە توانای بەرهەم هێنان و پیشەسازی پێشکەوتوو نییە. کشتوکاڵ یەکێکە لە باشترین و گونجاوترین ڕێگاکانی هەمەچەشنکردنی ژمارەی بەرهەمەکانی تایبەت بە هەناردەکردن. چونکە هەم دەبێتە هۆی ڕێگری کردن لە چوونەو دەرەوەی سەرمایە و دۆلار بۆ بەرهەمە پێویستییەکانی ڕۆژانەی چێشخانەی ماڵەکان هەمیش دەبێە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ حکومەت.

کشتوکاڵ یەکێکە لە باشترین و گونجاوترین ڕێگاکانی هەمەچەشنکردنی ژمارەی بەرهەمەکانی تایبەت بە هەناردەکردن

مەرج نییە هەموو وڵاتێک وەکو ئەمەریکا توانای بەرهەمهێنانی ڕۆکێت و فڕۆکە و ئایفۆن یان وەکو کۆریای باشوور توانای بەرهەمهێنانی سامسۆنگ و وەکو چین توانای بەرهەمهێنانی هەموو شتێکی هەبێت. واتە گەر ناتوانرێ لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و پێشەسازییەوە شان بە شانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاو بنرێت،  ئەوا دەتوانرێت لە چاندنی بەربوومێکی کشتوکاڵی بۆ نمونە؛ تەماتە یان پەتاتە بگەین بە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو و داهاتێکی زۆر باش و بڕێکی زۆر باشی پارەی بیانی واتە دراوی قورس پەلکێشی نێوخۆی وڵات بکەین.

لەم بارەیەوە بە دڵنیاییەوە هەوڵ و کۆششەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی دەستخۆشین و بەرز دەیاننرخێنین و دەبینین کە چۆن زۆر بەڕێز سەرۆکوەزیران بەوپەڕی پەرۆشیی و خەمخۆرییەوە خۆی هەوڵیداوە بازاڕسازی بۆ بەربوومەکانی وەکو هەنگوینی کوردستان و هەناری هەڵەبجە و پەتاتە بکات و خۆیان لە ڕێگەی سەردانیکردنی فیعلییەوە بازاڕی نوێی بۆ ئەو بەربوومانە دۆزیوەتەوە. بەڵام ئەمە پێویستی بە پاڵپشتی خەڵکی کوردستان و جووتیارانیش هەیە و هەروەها هەوڵی زیاتر و هاندانی زیاتری پێویستە لەلایەن حکومەتەوە. پێویستە پاڵپشتی وا لە جووتیاران و کارکەرانی کەرتی کشتوکاڵی بکرێت کە کێڵگەکانیان ببووژێننەوە و هانی سەرمایەداران و کەرتی تایبەت بدرێت تاکو وەبەرهێنان لەم کەرتە چڕتر بکەنەوە و لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمپانیای کەرتی تایبەت و پسپۆڕ کە کاری راوێژکاری زانستی کشتوکاڵی پێشکەش بە جوتیاران بکەن و پاڵپشتییان بکەن و بەرهەمەکانیان بە ڕێگەکانی بەبازاڕخستنی زانستی و بە ڕێگا و کەناڵەکانی تایبەت بە بازاڕسازی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن و بەربوومەکان ڕەواج بکەن.

بەڕێز سەرۆکوەزیران بەوپەڕی پەرۆشیی و خەمخۆرییەوە خۆی هەوڵیداوە بازاڕسازی بۆ بەربوومەکانی وەکو هەنگوینی کوردستان و هەناری هەڵەبجە و پەتاتە بکات

گەر لە سەدان بەربووم کە دەتوانرێن لە خاکە بەپیتەکەی وڵاتەکەمان بڕوێندرێن و پێ بگەینرێن، تەنها تەماتە وەکو نمونە وەرگرین. ئەم بەربوومەی کە جوتیارەکانمان لە مانگەکانی هاویندا حەڕاجی دەکەن یاخود لەبەر نەبوونی خواست و بێ بازاڕی دەیڕژێننە سەرشەقامەکان و فڕەی دەدەن. ئەو بەربوومەی کە هەموو چێشتخانەیەک ڕۆژانە پێویستی پێیەتی بەڵام بە دروستی بەهاکەی نازانرێت، بزانین چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتانە داناوە کە بەرهەمی دێنن؟!

بەگوێرەی ئامارەکانی پلاتفۆرمی بازرگانی نیودەوڵەتی  "تڕەیدمەپ" تەنها لە ساڵی 2022 دا بەبڕی نزیکەی یانزە ملیار دۆلاری ئەمەریکی بە تەنها تەماتە لە وڵاتە بەهەمهێنەرەکانەوە هەناردەی وڵاتانی دیکەی جیهان کراوە. لەم قەبارە گەورەیە لە هەناردەکردنی تەماتە دا وڵاتی مەکسیک بەبڕی نزیکەی 2.7 ملیار ، هۆڵەندا بەقەبارەی 1.8 ملیار، ئیسپانیا 1.1 ملیار دۆلار پشکی شێریان بەرکەوتووە و هەر یەکە لە وڵاتەکانی ئەمەریکا بە نزیکەی سێ میار و ئەڵمانیا 1.5 ملیار دۆلار لە رێزبەندی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکار و کڕیاری تەماتەدا دێن لەسەر ئاستی جیهاندا.

وەکو ئاماژەمان پێکرد، ئەمە تەنها یەک بەروبوومی کشتوکاڵییە، ئەی ئەگەر وڵاتێک 100 بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم بهێنێت و کۆمپانیای کەرتی تایبەت بە پلانێکی تۆکمە و بە شێوازێکی زانستییانەی بە بەبازاڕخستن، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ و بازاڕ بۆ هەر 100 جۆر بەروبووم بدۆزنەوە، چەند ملیار دۆلار داهات دێتە نێو وڵات؟ کەواتە بۆ سوودوەرگرتن لە خێروبێری ئەو قەبارە زەبەلاحەی بازرگانی نێودەوڵەتییدا گەر ناتوانین فڕۆکە و ئۆتۆمۆبیل و ئایفۆن و سامسۆنگ بەرهەم بێنین، دەکرێت بەهۆی بەربوومی کشتوکاڵی بەرهەمهێنراو لە خاکە بە پیت و پڕ بەرەکەتەکەی کوردستان پشکێکی باشمان دەستکەوێت و سەرئەنجام ببین بە باغ و بێستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

قەبارەی هەناردەکردنی تەماتە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2022ـدا

وڵات قەبارەی هەناردەکردنی تەماتە
مەکسیک $2,673,046,000
هۆڵەندا $1,807,706,000
ئیسپانیا $1,126,617,000
مەغریب $1,028,188,00
فەڕەنسا $620,864,000
کەنەدا $469,686,000
تورکیا $373,595,000
چین $327,543,000
ئێران $321,232,000
کۆی گشتی هەناردەکراو $10,731,320,000