66 رۆژنامەنووس لە کەرتی غەززە کوژراون

K24 – هەولێر

سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەڵەستین رایگەیەند، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، 66 رۆژنامەنووس لە کەرتی غەززە کوژراون.

ئەمڕۆ شەممە 25/11/2023، سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەڵەستین، لە راگەیاندراوێکدا ئاماری کوژرانی رۆژنامەنووسانی لە کەرتی غەززە راگەیاند، کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، 66 رۆژنامەنووس کوژراون، هەروەها دوو رۆژنامەنووس بێسەروشوێنن، 31 رۆژنامەنووسیش لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا، سەندیکای رۆژنامەنووسان، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتی و فەڵەستینیەکان دەکات کە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ  کاردەکەن، "بەدواداچوون و لێپێچینەوە بۆ ئەو تاوانانە بکەن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە".

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە دەستگیرکراون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی سڤیل له‌ غه‌ززه‌ کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

لای خۆیەوە رۆژی پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکرایكرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) رێکخراوی خاچی سوور لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، 13  بارمتەی ئیسرائیلی و 39 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیکرابوون ئازادکران، هەروەها 10 بارمتەی تایلەندی و بارمتەیەکی فلیپینی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئازادکردنی 39 منداڵ و ئافرەتی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە و ئاشکراشی دەکات، بارمتە ئیسرائیلییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە نێردراونەتە میسر و لەوێ رادەستی دەسەڵاتدرانی ئیسرائیل کراون، دواتر لەرێگەی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشدا، ئازادکردنی بارمتە تایلەندییەکان لەلایەن حەماسەوە لە دەرەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسە.

رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) سەرۆکوەزیرانی تایلەند رایگەیاند، 12 هاووڵاتی تایلەند کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوون ئازادکران.

هەروەها دەسەڵاتدارانی میسر رایانگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان ئەو 12 بارمتەیە ئازاد کراون و ئەمە بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و حەماس.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

ئا: لاڤین عومەر