سبەی لە سنووری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەوام دەستپێدەکات

سبەی لە سنووری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەوام دەستپێدەکات
سبەی لە سنووری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەوام دەستپێدەکات

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، سبەی دووشەممە دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی قوتابی و مامۆستایاندا دەکرێنەوە و "رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم باخچەکانی منداڵان، قوتابخانە بنەڕەتییەکان، خوێندنگە ئامادەیی و پیشەییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاگادارکردەوە کە سبەی دووشەممە، 27-11-2023، دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی قوتابی و مامۆستایاندا دەکرێنەوە و "رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە".

لەلایەن خۆیەوە، تریفە محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بەکوردستان24ـی رایگەیاند، لە سبەینێوە دەست بە دەوام دەکرێتەوە لە سەرجەم باخچەی منداڵان و قوتابخانە سەرەتایی و ئامادەیی و پیشەییەکاندا لەسنووری پەروەردەکەمان و من بەرپرسم لە سنووری خۆم، هیوادارم مامۆستایانی سنووری پەروەردەمان بەدەم داواکەمانەوە بێن.

هاوکات لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئاماژە بە راگەیەندراوی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنووری پەروەردەی رۆژهەڵات دەکەینەوە لە رێگەی پەیجی قوتابخانە و خوێندنگاکانتانەوە سەرجەم قوتابییان و خوێندکاران و سەرجەم مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ ئاگادار بکرێنەوە رۆژی دووشەممە رێککەوتنی (27-11-2023) دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن بە روویاندا دەکرێنەوە و رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرە بەڕێزەکان دەکەین کە بە نووسراوی فەرمی ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی دەوام سەرجەم ئاستەنگ و کەم و کورییەکانی دەوامکردن ئاراستەی پەروەردە بکەن لە ماوەی سێ رۆژدا".

دەقی نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی
دەقی نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی

 

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایكۆتی خوێندنیان كردووە.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و داوای مافی خۆیان دەکەن، دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت رووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داوای مافەکانی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵکی کوردستان بکەین".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "هەندێک لایەن سواری شەپۆلەکە بوون و یاری بە هەستی مامۆستا دەکەن. ئەوانەی کە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن مەیەنەوە بۆ پۆلەکان بۆ قوتابخانەکان، دەیانەوێت تۆڵەی ئەوانەی مووچەکانیان بڕیوە لە قوتابییەکان بکەنەوە کە ئەمە بەهیچ جۆرێک شیاو نییە. قوتابی پێویستە یەکەم وانە کە لە مامۆستا فێردەبێت وانەی کۆڵنەدانە، بەردەوامبوونە. دەبێت یارمەتی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی قوتابییانی ئێمە لە سەرەتاوە فێری خۆشەویستی بن، فێری کۆڵنەدان بن، فێری بەردەوامبوون بن، فێری خۆڕاگری بن و فێری ئەوە بن کە چۆن لە ژیاندا پێویستە بەسەربەرزی بمێننەوە و بەهیچ جۆرێک کۆڵنەدەن بۆ هیچ لەو گرفتانەی دێتە ژیانی رۆژانەیان".