ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان رادەستی چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە رۆژی دووشەممە، کۆبوونەوەی ژمارە 176 خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامدا.

لە میانی دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا، هەروەها ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا، پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکەش بە هەمان شێوە تاوتوێ کرا.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگی پاراستنی شایستەییەکانی هەڵبژاردن کرایەوە، هەروەها  ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، چارەسەرکردنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بە پێویست زانی، بە هەڵبژاردنی کەسایەتییەک کە لەگەڵ سروشتی نوێنەرایەتییەکەدا ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەرووی وڵات دەبێتەوە بگونجێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی ناوی کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هێزەکانی پێکهاتەی سوننە وەرگرتووە و چوارچێوەش لێیان دەکۆڵێتەوە و هەڵوێستیان لەسەر دەبێت.

ئامادەبووان جەختیان لە درێژەی ئامادەکارییە پێویستەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا.

چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کرد کە کێبڕکێ لەسەر بنەمای بەرنامەی خزمەتگوزاری بێت و دیدگای واقیعی بۆ خزمەتکردنی پارێزگارەکان دابین بکرێت.

ۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەمەش کێشەیەکی دیکە لە عێراق سەریهەڵداوە، کە ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن.

بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دوورخستنەوەی حەلبووسی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، زیان بە دەنگ و پێگەی حەلبووسی و سوننەکان دەگەیەنێت.

رۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی محەممەد حەلبووسی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە، بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".