لەسەر هێرشکردنە سەر کاپیتۆڵ سکاڵا لە دۆناڵد ترامپ دەکرێت

K24 - هەولێر

رۆژی هەینی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی ئەمەریکا بڕیاریدا کە ئەگەری هەیە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دادگایی بکرێت لەسەر هێرشەکەی سەر بینای کاپیتوڵ، کە لەلایەن لایەنگرانییەوە لە 6ـی 1ـی 2021 ئەنجامدرا، کاتێک ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای رەتکردەوە.

رەنگە ترامپ رووبەڕووی داوای یاسایی مەدەنی ببێتەوە بەهۆی ئەو توندوتیژییەی کە لەماوەی رابردوودا لایەنگرانی هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کە بەپێی ئاماری ئاژانسی فرانس پرێس، زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکاندا دەستگیرکراون.

دوو ئەفسەری پۆلیسی کاپیتوڵ و ژمارەیەک لە نوێنەرانی دیموکراتەکان لە ساڵی 2021دا، سکاڵایان لەسەر ترامپ تۆمار کرد.

تیمی یاسایی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایانگەیاند، دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک، پارێزبەندی هەبووە لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەی پێشتر داویەتی، کە تێیدا داوای لە لایەنگرانی کردبوو بە سەختی شەڕ بکەن، لەکاتێکدا کۆنگرێس خۆی ئامادە دەکرد بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

لیژنەیەکی سێ دادوەری لە دادگای تێهەڵچوونەوەی واشنتن دەڵێن: "کاتێک سەرۆکێک لە خولی یەکەمیدا خۆی بۆ خولی دووەم کاندید دەکات، ئەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ دووبارە سەرکەوتنی فەرمی نییە".

لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە: کاتێک سەرۆکێک خۆی بۆ خولی دووەم کاندید دەکات، لە گردبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنکاندا قسە دەکات ئەوە ئەرکە فەرمییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجام نادات.

لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ترامپ "دانی بەوەدا ناوە کە بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا کردووە بۆئەوەی دووبارە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەروەها هەوڵیداوە دوای هەڵبژاردنەکان ئەنجامە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.

ترامپ بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لە مانگی ئادار لە واشنتن دادگایی دەکرێت.