شارەزایەکی بواری ژینگە: پێویستە پۆند و بەنداوی زیاتر دروست بکرێت

K24 - هەولێر

شارەزایەکی بواری ژینگە رایگەیاند، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی کە کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، گوتیشی: ئەو گۆڕانکارییانەی زیاتر کاریگەری هەبووە لەسەر ناوچەکەی ئێمە، گۆڕانکاری کەشوهەوا و رێژەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانە.

هێمن عەبدولخالق، شارەزای بواری ژینگە بە کوردستان24ـی راگەیاند،  عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی کە کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕانکارییەکانیش بەشێکی جیهانییە، وەکو ئەو وڵاتانەی پیشەسازییەکانیان گەورەیە، وەکو هیندستان، ئەمەریکا و چین و یەکێتی ئەوروپا، کە بەشدارن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، هەروەها بەشێکیشی لۆکاڵییە.

گوتیشی: ئەو گۆڕانکارییانەی زیاتر کاریگەری هەبووە لەسەر ناوچەکەی ئێمە، گۆڕانکاری کەشوهەوا و رێژەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانە، هەروەها پیسبوونی ژینگەی هەوا و سوێری خاکە، کە ئەمانە زیاتر لۆکاڵیین.

ئاماژەی بەوەشکرد: هەریەک لەو گۆڕاکارییانە لەعێراق رێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە، لەهەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی عێراق بەدوور نییە لەو گۆڕانکارییانە، بەڵام لەهەمان کاتدا سەرچاوەی چاکبوونی ژینگەشە بۆ عێراق.

باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش نراوە لەرووی سەوزکردن و رێکاری ژینگەیی، بەڵام بەشێکی زۆریشی تایبەتە بە رۆشنبیری تاک و بەشێکیشی تایبەتە بە رێکارەکانی حکومەت، کە پێویستە پۆند و بەنداوی زیاتر دروست بکرێت.