ئوردن سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی سۆران دەکات

دیمەنێکی ئەو باڵەخانەی سۆران کە ئاگرەکەی گرت
دیمەنێکی ئەو باڵەخانەی سۆران کە ئاگرەکەی گرت

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی سۆران دەکات. کونسوڵەکەشی لە هەولێر، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوەکە دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ شەممە، 09-12-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا "دڵگرانی، پرسە و هاوخەمی خۆی" بۆ قوربانییانی ئاگری یەکێک لە باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەربڕی کە بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئوردن "سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات و هیوا چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران"ـی رووداوەکە دەخوازێت.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، فوئاد خازر مەجالی، کونسوڵی گشتی شانشینی هاشمی ئوردن لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی کردووە و "ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر پێداویستییەک بە مەبەستی چارەسەری بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەکەی ئیدارەی سۆران."

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

ئامادەکردن: لاڤین عومەر