هەڵگورد شێخ نەجیب: دووکەس لەسەر رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی سۆران دەستگیرکراون

"ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوە بە راشکاوی دەخەینەڕوو"

K24 – سۆران

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەی سۆران دەستبەکاربوون و دوای تەواو بوونی کارەکانیان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە راشکاوی دەخەنەڕوو، ئاشکراشی کرد دوو کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ شەممە 9/12/2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی لە باڵەخانەکەی سۆران دەستبەکاربوو، سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کردووە، هاوکات ئێمە وەکو ئیدارەی سۆران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکەین، کە چۆن بووینە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەساتەی کە روویدا، کە ئایا کەمتەرخەمی هەبووە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەگەر هەبووە هۆکارەکانی چی بووینە؟، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا باشتر رووبەڕووی رووداوی لەوشێوە ببینەوە".

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لیژنەکەم راسپارد کە دەستکراوە بن لە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو رووداوە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەمتەرخەمی هەیە بە راشکاوی بیخەینەڕوو، لیژنەکە کاری خۆی دەکات و ئێمەش وەکو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاوکاریان دەبین، دەبێ بەجددی کار لەسەر ئەوە بکەین، چۆ رووبەرووی رووداوی لەمشێوەیە دەبینەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "هۆکار زۆرن کە بۆچی ژمارەی قوربانیان لەو رووداوە زۆرە، بەڵام جارێ ناتوانین بچینە ناو وردەکارییەکان تا کاری لیژنەکە تەواو دەبێت، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان هۆشیاری خەڵکە لەکاتی رووداو چۆن لە باڵەخانە دەچنە دەرەوە، چونکە پرسیاری زۆر لەسەر ئەو بابەتە هەیە، لەکاتێکدا پەیژە و رێگا هەبووە بۆ رزگاربوونیان".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختیکردەوە: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، کاری جددی لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و هەموو هۆکارەکانی ئەو رووداوەش دەخەینەڕوو، بۆ ئەوەی هەم هاووڵاتییان زیاتر هۆشیاربن، هەمیش تیمەکانی بەرگری شارستانی باشتر کارەکانی خۆیان بکەن".

ئاشکراشی کرد: "دوو کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون، یەکێکیان خاوەنی باڵەخانەکەیە ئەوەی دیکەیان خاوەنی ئەو مۆبیلیاتەیە کە دەکەوێتە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەکە".

ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، وەکو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێداچوونەوە بە رێکارەکان دەکەن لە باڵەخانەکان، بەتایبەتی ئەو باڵەخانانەی بۆ قوتابیان بەکڕێ گیراون.

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە هۆکاری رووداوەکە پێکهێنرا.