شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبووەوە

کۆبوونەوەی شاندی دانوستکاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز
کۆبوونەوەی شاندی دانوستکاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز

K24 – هەولێر:

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت کرا، و تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوە و ئاماژە بەوەدرا، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە ئەنجامیداوە، تاوەکو گفتوگۆکان بگەنە رێکەوتن و چارەسەر، و ئاماژەدرا بە کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.

پوختەی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دوا هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵە سەبارەت بە پێشنیازەکانی هاتوو لەمیانەی کۆبوونەوەکانی هەردوولا لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا لە هەولێر بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆڕکران.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا خواستی هەرێمی کوردستان بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو کە ئەم بابەتەش پێویستی بە دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت هەیە.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگارییانە کرا لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتووەتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، بە سوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هەن، ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن.

هەروەها بڕیاردرا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش، بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پێناوی دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.

0
0