دوای دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ رووداوەکانی هاتووچۆ کەمتر بووە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ  بووەتە ھۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە شەقامە خێراکانی ھەولێر، بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی ھەولێر لە ماوەی سێ مانگدا تەنیا 10 حاڵەت لە شەقامی 120 مەتری تۆمار کراوە.

هەر بەپێی داتاکانی هاتووچۆی هەولێر، لە دوای دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، بە رێژەی %50 رووداوەکانی پێکدادانی ئۆتۆمبێل کەمیکردووە. 

عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کاریگەری زۆری هەبووە بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و تیژڕۆیی، لە 15/10/2023 کامێراکان دانران بە شێوازێکی تێست تاکو 21/10/2023، لە دوای ئەم بەروارە چووە بواری جێبەجێکردن، بەپێی داتاکان رووداوەکانی هاتووچۆ کەمتر بووەتەوە، بە بەراورد بەو ساڵانەی کە کامێراکان نەبوون".

 گوتەبیژی هاتووچۆ، گوتیشی: "لە کاتی دانانی کامێراکان لە شەقامی خێرایی 120ییەوە تەنیا 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە".

داتای فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی هەولێر، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ژمارەی قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ بەراورد بە ماوەکانی رابردوو کەمبووەتەوە.

لەوبارەوە سەرکەوت مستەفا، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رۆژهەڵاتی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "هیچ داتایەکمان بۆ نەهاتووە، کە بزانین رووداوەکان لەکوێ روویداوە، بەڵام بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رووداوی هاتووچۆ کەمیکردووە و لە 11مانگی ئەمساڵ تەنیا 97 حاڵەتی رووداوی هاتووچۆ هاتووەتە نەخۆشخانەکەمان".