ئافرەتانی کەرکووک داوای رەخساندنی هەلی کار لە کاندیدەکان دەکەن

67 کاندیدی ئافرەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەن
kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

ئافرەتانی کەرکووک لە دەسەڵاتی شەش ساڵی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر ناڕازین و دەڵێن: مافەکانمان پێشێلکراوە، داوا لە کاندیدە ئافرەتەکانیش دەکەن لە ئەگەری سەرکەوتنیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بەرگرییان لێبکەن و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن.

نەجیبە یەلدا، ئافرەتێکی دانیشتووی کەرکووکە و تەمەنی 63 ساڵە و بەکاری ژینگەپارێزی ئەرکی بەخێوکردنی دوو خانەوادەی لەسەر شانە، ئەو کە لە پێکهاتەی کریستیانە، لە بارودۆخی دوای 16ی ئۆکتۆبەری شارەکە ناڕازییە و دەڵێت: " کێشەکان زۆرن، شوێنی نیشتەجێبوون نییە، ئیش و کار نییە لایەنی حکومەتیش هیچ هاوکارییەکمان ناکات، داواکارم لە کاندیدەکان هەلی کار بۆ کچەکەم بڕەخسێنن بۆ ئەوەی بتوانین بژین و پشت بەخۆمان ببەستین".

لە کەرکووک 67 کاندیدی ئافرەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەن، لەو ژمارەیە 19یان کوردن، لەنێو لیستی پارتیش لە کۆی 30 کاندید حەوتیان ئافرەتن.

کێشە کەڵەکەبووەکانی ئافرەتان لە کەرکووک پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە، بۆ ئەمەش نوێنەرایەتی کردنێکی راستەقینە و کەسانی خاوەن ئەزموونی پێویستە.

ئەمەل دامرچی، کاندید لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "وەکو کاندیدێکی ئافرەت بەڵێندەدەم بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە، پاڵپشتی لە هەموو ئافرەتان بم، بەتایبەتی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا ئافرەتانی کەرکووک زۆر تووشی چەوسانەوە بوونە و مافەەکانیان پێشێل کراوە، ئەگەر ببم بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا هەوڵدەدەم هەلی کار بۆ ئافرەتانی کەرکووک بڕەخسێنم لە هەموو دامەزراوەکانی شارەکە".

دۆخی ئافرەتان لە کەرکووک، بەپێی زانیاری و ئاماری رێکخراوەکان لە رووی تووندوتیژی، بێکاری و پێشێلکردنی مافەکانیان خراپە، بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردانەش ئومێدیان لەسەر بەڵێنی کاندیدە ئافرەتەکان هەڵچنیووە.