زاخارۆڤا: ناچاركردنی مۆسكۆ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كیێڤ قسه‌ی بێ‌مانا و به‌تاڵه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ماریا زاخارۆڤا رایگه‌یاند، ناچاركردنی مۆسكۆ به‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كیێڤ بكات، "قسه‌ی بێ‌مانا و به‌تاڵه".
ئه‌و گوته‌بێژه وه‌ڵامی قسه‌كانی جێگری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆناسان ڤاینه‌ری داوه‌ته‌وه كه رایگه‌یاندبوو، ده‌بێت رووسیا به پابه‌ندبوون به مه‌رجه‌كانی كیێڤ له ساڵی 2024 گفتوگۆ ئه‌نجام بدات.
زاخارۆڤا له‌مباره‌یه‌وه گوتی: "پێده‌چێت ڤاینه‌ر قسه‌كانی پێشووی له‌بیركردبێت، كه رایگه‌یاندبوو، ده‌بێت تا سه‌ركه‌وتنی ئۆكرانیا جه‌نگ به‌رده‌وام بێت، ئێستا كه‌س تێناگات مه‌به‌ستییان چییه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌ڵوێستی "تێكشكاوی" ئه‌مه‌ریكا به شێوه‌یه‌كی دیكه نمایش بكه‌ن، ده‌بێت خۆیان دیاریبكه‌ن، چیان ده‌وێت".
له‌ماوه‌ی رابردوودا كۆمارییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا داوایانكردبوو، پێداچوونه‌وه به داواكه‌ی كۆشی سپی بۆ دابینكردنی چه‌ك و تێچووی جه‌نگ بۆ ئۆكرانییه‌كان بكه‌ن.
له 24ـی شوباتی 2022، به فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س له سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه به‌رده‌وامه.